کێشەی تەرمی بارمتە ئیسرائیلییەكان هەڕەشە لە ئاگربەستی غەززە دەکات

ئەندامانی حەماس، تەرمێک دەگوێزنەوە (وێنە ڕۆیتەرز)
ئەندامانی حەماس، تەرمێک دەگوێزنەوە (وێنە ڕۆیتەرز)

کێشەی ڕادەستکردنەوەی تەرمی بارمتە ئیسرائیلییەکان لە کەرتی غەززە، بووەتە هەڕەشەیەکی گەورە بۆ سەر ئاگربەستی نێوان ئیسرائیل و حەماس. 

پێنجشەممە، 30ـی تشرینی یەکەم 2025، پێگەی هەواڵی سکای نیوز، بڵاوی کردەوە "حکوومەتی ئیسرائیل چەندان جار هەڕەشەی دەستپێکردنەوی هێرشەکانی بۆ سەر کەرتی غەززە دەکات، ئەگەر لە ماوەیەکی دیاریکراودا تەرمی 13 بارمتەکەی ڕادەست نەکرێنەوە."

بە گوێرەی هەڵسەنگاندنی شارەزایان، پشتیوانیی سەرجەم لایەن و هێزە ئیسرائیلییەکان بۆ پەلەکردن لە ڕێککەوتنی غەززە، وەرگرتنەوەی تەرمی گشت بارمتەکان بووە و ئێستاش بنەماڵەی بارمتەکان و لایەنە ڕاستڕەوەکانی ناو حکوومەتی ئیسرائیل، داوا لە حکوومەت دەکەن سزای حەماس بدات؛ بێگومان ئەمەش لە ناوەرۆکدا مانای دەستپێکردنەوەی شەڕ دەگەیەنێت.

لە لایەکی دیکەوە ئیسرائیل و خاچی سووری نێودەوڵەتی، حەماس بەوە تۆمەتبار دەکەن لە ڕادەستکردنەوەی تەرمەکاندا جددی نییە. 

سێشەممەی ڕابردوو، میدیاکانی ئیسرائیل چەند دیمەنێکی ڤیدیۆییان بڵاو کردەوە کە لە لایەن فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوانەوە تۆمار کرابوون و تێیاندا ژمارەیەک ئەندامی حەماس دەردەکەون تەرمێکی لە کفنی سپی پێچراوە بە خاک دەسپێرن و پاشان لەبەردەم نوێنەرانی خاچی سووردا دەری دەهێننەوە.

دواتر، ئیسرائیل ڕایگەیاند، حەماس، ئەو تەرمەیان بە تەرمی ئوڤێر تسرفاتی، تەمەن 27 ساڵان، کە پاش ماوەیەکی کەم لە برینداربوونی لەکاتی هێرشەکەی حەوتی تشرینی یەکەمی 2023، گیانی سپاردبوو، ڕادەستی خاچی سوور کردووە. لە کاتێکدا تەرمی تسرفاتی، دوو ساڵ لەمەوبەر، هەر لە ڕێگەی خاچی سوورەوە ڕادەستی کەسوکارەکەی کراوەتەوە! 

هەر دەربارەی دەستپێکردنەوەی گرژییەکانی نێوان حەماس و ئیسرائیل، یسرائیل کاتس، وەزیری بەرگریی ئیسرائیل، بە ڕۆژنامەنووسانی ڕاگەیاند "لە ئەنجامی زنجیرە هێرشەکەی ڕۆژی سێشەممەی ڕابردوو بۆ سەر کەرتی غەززە، دەیان فەرماندەی سەربازیی حەماسیان لەناو بردووە."

کاتس، گوتیشی: جگە لە کوژرانی ئەو فەرماندانەی حەماس، ژمارەیەکی زۆر ژێرخانی سەربازیی حەماسمان وێران کردووە. 

وەزیری بەرگریی ئیسرائیل، لە درێژەی قسەکانیدا گوتی: هیچ ئەندامێکی سەرکردایەتیی حەماس لە هێرشەکانی ئێمە پاریزراو نابن، نە ئەوانەی بە جلوبەرگی مەدەنییەوە دەردەکەون و نە ئەوانەش کە لە تونێلەکاندا خۆیان حەشار داوە. 

کاتس، جەختی لەوە کردەوە "سوپای ئیسرائیل فەرمانی پێ دراوە، بە توندی و بەوپەڕی هێزەوە وەڵامی دەستدرێژیی بۆ سەر سوپای ئیسرائیل، یان پێشێلکردنی ئاگربەست لە لایەن هەر کەس و لایەنێکەوە بداتەوە." 

 
 
 
Fly Erbil Advertisment