ساسان عەونی: دروست کردنی پشتێنەی سەوزایی خەون بوو سەرۆک وەزیران بەدی هێنا
ئەمڕۆ پێنجشەممە، 30ـی تشرینی یەکەمی 2025، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، یەکەم دار لە پرۆژەی پشتێنەی سەوزایی هەولێر دەچێنێت.
ساسان عەونی، وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزاری هەرێمی کوردستان لە ڕێوڕەسمەکەدا گوتی: ئەو پرۆژەیە چەند ساڵێکە تەنیا وەکوو پلانێک لە ناو نەخشەدانان دانرابوو، هەروەها وەکوو خەونێکی دوور و ئەستەم باسی لێوەدەکرا.
ئاماژەی بەوەشکرد، ئەمڕۆ بە چاندنی یەکەم دار لە پرۆژەی پشتێنەیی سەوزایی بەدەستی سەرۆک وەزیران، مەسرور بارزانی، پلانی یەکێک لە دۆسیە لەبیرکراوەکان لە نەخشەدانان دەبێتە کردار.
ساسان عەونی باسی لەوەشکرد، پیرۆزبایی لە خەڵکی هەولێر و دەورووبەری دەکەین، پێیان دەڵێین پلانەکانی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بۆ پاککردنەوەی ژینگەی هەولێر، تەنیا پرۆژەی ڕووناکی و هەڵگرتنی هەزاران مۆلیدە و داخستنی پاڵاوگە و دروستکردنی دەیان پارک و ناوچەی سەوزایی نییە، بەڵکو جێبەجێکردنی ئەم پشتێنە سەوزاییەشە کە باوەش دەکات بە پایتەختی هەرێمی کوردستان و ژینگە و هەواکەی پاک ڕادەگرێت.
وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار دەشڵێت: پشتێنەی سەوزایی سیاسەتی پلاندانانی حکوومەتی هەرێمی کوردستانە، ئامانجەکانیشی سنووردارکردنی فراوان بوونی پانتایی و ئاسۆیی شاری هەولێرە، پاراستن و پەرەپێدانی ناوچەی گوندەکان و تەلارسازیی کولتوور و گوندی کوردی، هێشتنەوەی پانتایی بەکراوەیی بۆ ڕێگرییکردن لە دیاردەی پەرتبوونی ئاوەدانی، زیادکردنی ڕێژەی سەوزایی بەمەبەستی باشترکردنی ژینگەی هەولێر، هەروەها پەرەپێدانی کشتوکاڵ و ئاژەڵداریی و گەشتیاریی و چالاکی تەرفیهی.
ساسان عەونی گوتیشی: دووری پشتێنەی سەوزایی لە سەنتەری شاری هەولێر نزیکەی 12 کیلۆمەترە، لەشەقامی بازنەیی 150 مەتریش لە 1.5 بۆ 2.8 کیلۆمەتر دەبێت، درێژایی پشتێنەکە بە بازنەیی ناوەوە نزیکەی 78 کیلۆمەترە و پانیەکەشی لە 1.6 تا 2 کیلۆمەترە، کۆی ڕووبەری پشتێنەکە 66 هەزار و 115 دۆنمە.
ڕوونیشی کردەوە، پشتێنەی سەوزایی سێ دەروازەی سەرەکی و چوار دەروازەی لاوەکی دەبێت، گوتیشی: دەروازە سەرەکییەکان بریتین لە 'دەروازەی بەستۆڕە، دەروازەی باشوور و ڕۆژئاوا' هەریەکێک لەم دەروازانە تایبەتمەندی و جۆری بەکارهێنانی زەوی و چالاکییە جۆراوجۆرەکانی خۆی هەیە، هەروەها چوار پارکی گەورەی حەوانەوەی تێدایە، کە ئەم چوار پارکە دەکەوێتە 'کەسنەزان، بنەسڵاوە، قۆریتان و بەحرکە ' هەروەها بەپێی پلان نەخشە بۆ 23 وێستگەی پاس کێشراوە، کە تەواوی ناوچەی سەوز بە سەنتەری شار دەبەستێتەوە.
ڕاشیگەیاند، ئەو پرۆژەیە دەبێتە بناغەی وەرچەرخانێکی ژیان و ژیار لە هەولێر و دەورووبەری، ئەم پرۆژەیە دەچێتە پاڵ دەیان پرۆژە کە سەرۆک وەزیران پلانی بۆ داناوە و سەرپەرشتیی جێبەجێکردنی کردوون و ڕۆژانە ئەنجامیان دەبینین، لەداهاتووشدا ئەنجامی بەشیکی دیکەیان دەبینین.
ساسان عەونی دەشڵێت: تەنیا لە دووساڵی ڕابردوودا زیاتر لە 250 دۆنم زەوی سەوزکراوە، ئەمەش کاریگەرییان لەسەر بەرزبوونەوەی ڕێژەیی سەوزایی دەبێت.
