نیکۆلاس دیمیتریۆس: پشتێنەی سەوزایی هەولێر سوودی بۆ تەواوی کوردستان دەبێت
ئەمڕۆ پێنجشەممە، 30ـی تشرینی یەکەمی 2025، نیکۆلاس دیمیتریۆس، شارەزای ژینگە، لە وتارێکدا لە میانی ڕێوڕەسمی دەستپێکردنی چاندنی دار لە پڕۆژەی پشتێنەی سەوزایی هەولێر، ستایشی پڕۆژەکەی کرد و بە هەنگاوێکی ستراتیژی و گرنگی بۆ تەواوی هەرێمی کوردستان وەسف کرد.
دیمیتریۆس دەربارەی گرنگی پڕۆژەکە گوتی: "پشتێنەی سەوزایی بۆ هەموو کوردستان سوودی دەبێت، بۆیە لە ناخی دڵمەوە دڵخۆشم و پیرۆزبایی دەکەم." هەروەها دەستخۆشی لە سەرۆک وەزیران مەسرور بارزانی و هەموو لایەنە پشتیوانەکانی پڕۆژەکە کرد.
ئاماژەی بەوەشکرد، ئەم پڕۆژەیە تەنیا چاندنی دار نییە، بەڵکو دروستکردنی "هەرێمێکی سەوزە" بۆ هەولێر کە دوای دابینکردنی خزمەتگوزارییە بنەڕەتییەکانی وەک ئاوی 24 کاتژمێری و کارەبا، ژیان و خۆشگوزەرانی زیاتر بۆ هاووڵاتیان دەهێنێت.
شارەزا ژینگەییەکە باسی لە قۆناغەکانی کارکردن کرد و گوتی: "لە 28ـی ئەیلوولەوە چەندان کۆمپانیا شەو و ڕۆژ کاریان کردووە و لە ماوەیەکی کەمتر لە مانگێکدا، 36 هەزار کیلۆمەتر زەوی پاککراوەتەوە و ئامادەکراوە بۆ چاندن."
ناوبراو جەختی کردەوە، "ئێستا وەرزی چاندن دەست پێدەکات و هەموو شتێک سەد لە سەد ئامادەیە بۆ جێبەجێکردنی پڕۆژەکە."
لە کۆتاییدا، دیمیتریۆس تیشکی خستە سەر دیزاینی پڕۆژەکە و ڕایگەیاند: "پلان و دیزاینەکە بە شێوەیەکە باشترین ڕێڕەوی چاندن لەبەرچاو گیراوە، هاوکات سیستەمێکی ئاودێریی مۆدێرن و زیرەک بەکاردەهێنرێت بۆ ئەوەی ئاو بە شێوەیەکی زۆر کارا و بەپێی پێویست بەکاربهێنرێت."
پرۆژەی پشتێنەی سەوزایی بە دەوری شاری هەولێردا بە شێوەی بازنەیی دەبێت و حەوت ملیۆن دار زەیتوون و فستەق دەچێندرێن، هەروەها دەیان پۆند بۆ ئاودانی دارەکان پرۆژەی سەوزایی دروست دەکرێن و بەم پرۆژەیەش ڕێژەی سەوزایی لە شاری هەولێر بۆ 25% زیاد دەکات، کە ستانداری جیهانییە.
پێشتێنەی سەوزایی هەولێر، پانییەکەی دوو کیلۆمەترە و درێژییەکەشی 83 کیلۆمەترە، لە هەشت زۆن پێکهاتووە، لە قۆناغی یەکەمی ئەم پڕۆژەیەدا، کە ڕووبەرەکەی 13 هەزار دۆنم دەبێت، تەنیا داری زەیتوون و فستق دەچێنرێن.
کابینەی نۆیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، چەندین پلانی ستراتیژی بۆ زیادکردنی ڕێژەی سەوزایی لە ڕێگەی دروستکردنی چەندین پارک و باخچە دیکەی كە کۆی هەر هەموویان دەگاتە 627 باخچە و پارک، توانراوە ڕێژەی سەوزایی هەولێر لە 9.1% بگەیەنرێتە 19.8%.
هەروەها لە چوارچێوەی ماستەرپلانی شاری هەولێر، وەزارەتی شارەوانی پلانێکی ستراتیژی هەیە بۆ زیادکردنی ڕووبەری سەوزایی کە تاوەكوو ساڵی 2030 زیاتر لە 100 ملیۆن دار لە شاری هەولێر بچێندرێت.
