مەسرور بارزانی: پشتێنەی سەوزایی هەولێر وەک سییەک دەبێت بۆ هەڵمژینی هەوای پاکتر

ئەمڕۆ پێنجشەممە، 30ـی تشرینی یەکەمی 2025، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لە ڕێوڕەسمی دەستپێکی پڕۆژەی پشتێنەی سەوزایی هەولێر و چاندنی یەکەم دار لەم پڕۆژەیەدا، ڕایگەیاند، ئەم پشتێنە سەوزاییە وەک سییەک بۆ شاری هەولێر دەبێت و یارمەتیدەرێکی گەورە دەبێت بۆ پاککردنەوەی کەشوهەوا و دابینکردنی هەوایەکی پاکتر بۆ هاووڵاتییان.

سەرۆکی حکوومەت لە گوتارەکەیدا ئاماژەی بەوەدا، پڕۆژەکە کاریگەرییەکی یەکجار زۆری لەسەر ژینگەی هەولێر دەبێت، چونکە کاربۆن دوانەئۆکساید هەڵدەمژێت و ئۆکسجین دەگەڕێنێتەوە بۆ شارەکە و دەوروبەری. ئەمەش دەتوانێت ژینگەیەکی تەندروستتر و هەوایەکی پاکتر و ژیانێکی باشتر بۆ هاووڵاتییان دابین بکات. 

بە گوتەی مەسرور بارزانی، پەرەپێدانی ئەم پشتێنە سەوزاییە ڕۆڵێکی سەرەکی دەبینێت لە خاوێنکردنەوەی ئاو و هەوای شارەکەدا.

هەروەها سەرۆکی حکوومەت باسی لە پلانی ستراتیژیی دوورمەودای پڕۆژەکە کرد و گوتەیەکی پێشینانی هێنایەوە: "پێشینان چاندیان و ئێمە بەرهەمەکەیمان خوارد." گوتیشی، "ئێمەش دەیچێنین بۆ ئەوەی نەوەکانی داهاتوو بەرهەمەکەی بخۆن، بەڵام هیوادارم هەر ئێوە خۆتان بەرهەمەکەی ببینن و لێی سوودمەند بن."

بەپێی پلانەکان، پرۆژەی پشتێنەی سەوزایی کە بە شێوەیەکی بازنەیی دەوری شاری هەولێر دەدات، حەوت ملیۆن داری بەرداری زەیتوون و فستەق دەچێندرێن. هەروەها دەیان پۆند دروست دەکرێن بۆ ئاودێریکردنی سەوزایی و دارەکانی پڕۆژەکە. چاوەڕوان دەکرێت بەم پڕۆژەیە ڕێژەی سەوزایی لە شاری هەولێر بۆ 25% زیاد بکات، کە ئەمەش ئاستێکی ستانداری جیهانییە.

 

 
 
 
 
 
 

 

Fly Erbil Advertisment