لە بەغدا 18 ساڵە پڕۆژەی میترۆی پارێزگاکە جێبەجێ نەکراوە
لە ساڵی 2007 وە حکوومەت لەدوای حکوومەت لە عێراق بەڵێنی دروستکردنی میترۆی بەغدا دەدەن، بەڵام یەک بەردیش نەخراوەتە سەر بەرد، چەندان جاریش پارە بۆ میترۆکە تەرخانکرا، بەڵام کەس نازانێت چی لێهات.
پرۆژی میترۆی بەغدا لەدوای ساڵی 2007 وە بووەتە وێردی سەرزمانی هەر حکوومەتێک کە لە عێراق دێتەسەر حوکم، بەڵام میترۆکە لای هاووڵاتیان بووەتە خەون، بەتایبەتی بەیانیان لەو قەرەباڵغیەی تاقەت پڕوکێنە دەچنە سەرکار. دانیشتووانی بەغدا دەڵێن؛ شارەکە نە پرد و نە ڕێگەیەکی وەهای بۆ دروستکراوە لە ئاستی ئەو قەرەباڵغیە بێت.
هاووڵاتییەکی بەغدا بە کوردستان24 دەڵێت: میترۆ دەبێتە هۆکاری کەمبوونەوەی قەرەباڵغی، بەتایبەتی لە بەغدا و لەکاتی دەوامی فەرمانگەکان. بەڵام لەساڵی 2007 وە تا ئەمڕۆ بەڵێن دەدرێت؛ کەچی نە مترۆمان بینی و نە چارەسەرێکی دیکە، قسەکانیان هەموو درۆ بوو.
هاووڵاتییەکی دیکە دەڵێت: بەغدای ئەمڕۆ پێویستی بە میترۆیە بۆ ئەوەی قەرەباڵغی کەم ببێتەوە، چونکە ئەم قەرەباڵغیە بووەتە هۆکاری گوشاری دەروونی، تەنانەت کاریگەری ئابووریشی دروستکردووە، کەچی نازانم بۆ حکوومەت گوێی خۆی لەم بابەتە خەواندووە. دەکرا وەک هەولێر لەرێگەی دروستکردنی جاددەی بازنەیی و فراوانکردنی شەقامەکانەوە قەرەباڵغی چارەسەربکرێت.
لەلایەکی دیکەوە پسپۆڕانی ئابووری و سیاسی باس لەوەدەکەن؛ جێبەجێکردنی پرۆژەی میترۆی بەغدا لەم کاتەدا ئەستەمە، چونکە زەوی پێویست نییە، بەڵێنی میترۆ هەمووی درۆی سیاسییەکان بوو.
لای خۆیەوە ئەحمەد سەراجی، چاودێر گوتی: گەورەترین درۆ و فێڵ کە تا ئێستا لە هاووڵاتیان کرابێت دروستکردنی میترۆی بەغدا بوو، هیچ یەکێک لە حکوومەتەکان نەیانتوانیوە پرۆژەیەکی ڕاستەقینە لە بەغدا جێبەجێ بکەن، هەموو حکوومەتەکان لەکاتی دەستبەکاربوونیان هەندێک کەس دێنن کاردەکەن و دواتریش دەڕۆن، پارە بۆ میترۆی بەغدا تەرخانکرا بەڵام هەمووی خورا و بابەتەکەش داخرا.
میترۆی بەغدا تەنیا وەک ناوێک ماوەتەوە، هاووڵاتیانیش لەو قەرەباڵغیەدا گیریان خواردووە، خەونەکەیان بۆ هەبوونی میترۆ بە با چوو.
