زەوی بەسەر فەرمانبەرانی کۆمەڵگەی سێبیران دابەشدەکرێت
بەڕێوەبەری گشتی بەڕێوەبەرایەتی شارەوانییەکانی هەولێر ڕایگەیاند، ئەمڕۆ زەوی بەسەر سەرجەم فەرمانبەرانی کۆمەڵگەی سێبیران دابەش دەکرێت.
ئەمڕۆ پێنجشەممە 30ـی تشرینی یەکەمی 2025، مەریوان حاکم هادی، بەڕێوەبەری گشتی شارەوانییەکانی هەولێر، تایبەت بەماڵپەڕی کوردستان24، ڕایگەیاند، دوای گەڕانەوەی ڕەزامەندی بۆ پێدانی زەوی بە فەرمانبەرانی کۆمەڵگەی سێبیران لە لایەن سەرۆکایەتی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان، ئەمڕۆ پێنجشەممە، کاتژمێر 2:00ـی دوای نیوەڕۆ ڕیوڕەسمی دابەشکردنی زەوییەکانی سنووری شارەوانی سێبیران بەڕێوەدەچێت.
ئاماژەی بەوەشکرد، سەرجەم فەرمانبەرانی سنووری شارەوانی سێبیران کە ژمارەیان نزیکەی هەزار فەرمانبەرە زەوی پێویستیان بۆ تەرخانکراوە، بۆیە سەرجەم فەرمانبەرانی ئەو سنوورە پارچە زەوییەکی 200 مەتری وەردەگرن.
لە 27ـی ئاداری 2024، لە کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان، بە فەرمانی سەرۆک وەزیران، مەسرور بارزانی، بڕیار درا بە دابەشکردنی زەوی بەسەر هەموو ئەو فەرمانبەرانەی سوودمەند نەبوونە لە وەرگرتنی زەوی، بڕیارەکەش لە 28ـی ئایاری 2024، لە ڕۆژنامەی وەقائیعی کوردستان بڵاو کرایەوە.
