46 پەیامەکەی ئەمڕۆی سەرۆک وەزیران مەسرور بارزانی
ئەمڕۆ پێنجشەممە، 30ـی تشرینی یەکەمی 2025، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، یەکەم داری پڕۆژەی پشتێنەی سەوزایی لە شاری هەولێر چاند. سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان لە ڕێوڕەسمەکەدا گوتارێکی پێشکەش کرد و دواتر لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا وەڵامی ژمارەیەک پرسیاری ڕۆژنامەنووسانی دایەوە.
قسەکانی ئەمڕۆی سەرۆک وەزیران بە کورتی:
1. ئەم پڕۆژە گرنگ و مێژووییە بۆ نەوەی داهاتوو و ئاوەدانیی ئێستای كوردستان زۆر گرنگە.
2. بە نەرمی و لەسەرخۆ بەردەوام دەبین لە ئاوەدانكردنەوەی كوردستان.
3. سوپاس بۆ دۆست و پسپۆڕانی یۆنانی بۆ یارمەتیدانمان لە جێبەجێکردنی پڕۆژەکە.
4. ئەو دارانەی دەچێنرێن، بەرهەمدار دەبن، بەمەش پەرە بە کەرتی کشتوکاڵی دەدرێت.
5. سەرچاوەی داری زەیتوون لەم دەڤەرانەوە هاتووە و گەڕاندنەوەیان مانای گەورەی هەیە.
6. داری زەیتوون بەرهەمێكی بەخێر و بەپیتە و سوودی زۆری دەبێ بۆ پشتێنەی سەوزایی هەولێر.
7. سوپاس بۆ كەرتی تایبەت كە یارمەتیی حكوومەت دەدەن بۆ جێبەجێكردنی پرۆژەكە.
8. خاوەندارێتیی پشتێنەی سەوز دەگەڕێتەوە بۆ وەزارەتی شارەوانی و كۆمپانیا تایبەتەكان دەتوانن سوود لە بەرهەمە بازرگانییەكانی وەربگرن.
9. پرۆژەكە هەلی كار بۆ گەنجان دروست دەكات.
10. گەنجان راهێنانیان پێ دەكرێ بۆ كاركردن و باشترین هەڵسوكەوت لەگەڵ پشتێنەی سەوزاییدا.
11. پشتێنەی سەوز كاریگەریی زۆری لەسەر كەشوهەوای هەولێر دەبێت، بە وەرگرتنی دووەم ئۆكسیدی كاربۆن و گەڕاندنەوەی ئۆكسجین.
12. پڕۆژەکە ژینگەیەكی تەندروستتر، هەوایەكی پاكتر و ژیانێكی باشتر و بەختەوەرتریش پێشکەشی هاووڵاتییان دەكات.
13. هەمیشە بیرمان لەوە كردووەتەوە چۆن بە باشترین شێوە خزمەتی هاووڵاتییان و وڵات بكەین.
14. لە بەرنامەكانماندا بووە ئابووریی هەرێمی كوردستان فرەچەشن بكەین و تەنیا پشت بە نەوت و غاز نەبەستین.
15. هەوڵمان داوە گرنگی بە بەرەوپێشبردنی هەموو کەرتەکان بدەین
16. چەندان پرۆژەی گەشتوگوزار و بابەتی ژێرخانی ئابووری، وەك دروستكردنی رێگەوبان، جێبەجێ كراون.
17. گرنگییەكی زۆر بە ژینگەپارێزی دەدەین بۆ سەلامەتی و تەندروستیی هاووڵاتییان.
18. ژینگەپارێزی دەكرێت ببێتە سەرچاوەیەكی داهات بۆ هەموو هاووڵڵاتییان.
19. ئامانجی كارەكانمان ئەوە بووە وڵات ئاوەدانتر و خۆشتر بێ و خەڵك سوود لە سروشت وەربگرن.
20. دروستكردنی پۆند و بەنداو و پشتێنەی سەوز بۆ سوودوەرگرتنە لە سەرچاوە سروشتییەكان.
21. پشتێنەی سەوز وەكوو سییەكان بەكار دێ بۆ پاككردنەوەی هەوای هەولێر.
22. ئێمە دەچێنین بۆ ئەوەی نەوەكانی داهاتوو بەرهەمەكەی بخۆن، بە هیوای ئەوەی خۆشمان بیبینین.
23. پرۆژەكان و فێربوونی پسپۆڕی، داهات فرەچەشن دەكەن و پشت بە یەك سەرچاوە نابەستین بۆ گەنجان.
24. ئەم كارانە توانای گەنجەكانمان زیاتر دەكەن، دەرفەتی زیاتر و بژاردەی زیاتریش بە گەنجەكانمان دەدەن.
25. بەداخەوە وەكوو پێویست هاوكارییان نەكردین و گرفتی زۆریان بۆ دروست كردین لە جێبەجێكردنی پرۆژەكان.
26. سوپاس و دەستخۆشی بۆ وەزیرە بەڕێزەكان، فەرمانبەران و برادەرانی ئۆفیسەکەم بۆ ماندووبوون و پێداگیرییان.
27. پێداگیری وایكردووە ئێمە نەوەستین و بەردەوام بین لە سەرخستنی ئەم پرۆژانە و بەردەوامیش دەبین.
28. چاوەڕێ نین كەس یارمەتیمان بدات ئەگەر نەیانەوێ، بەڵام ئەگەر لایەنێك بیەوێ، زۆر دڵخۆش دەبین.
29. برادەرانمان لە دەرەوەی وڵات ئامادەییان نیشانداوە كە یارمەتیمان بدەن لە سەرخستنی پرۆژەكە، سوپاسیان دەكەین.
30. پێشوازی لە كەرتی تایبەت دەكەین بۆ بەشداربوون و بەردەوامبوون لە باشتركردنی ئەم پرۆژەیە.
31. كاریگەری خراپیی كەشوهەوا تەنیا لەسەر هەرێمی كوردستان نییە، لەسەر هەموو عێراق و جیهانیش هەیە.
32. پێویستە بابەتی ژینگەپارێزی زۆر بە جددی وەربگیرێ، ئەوەی كە ئێستا دەتوانین بیكەین، لەوانەیە سبەینێ درەنگ بێت.
33. تێكچوونی ژینگە دەبێتە هۆكاری كۆچكردن، خەڵك بە دوای ژیاندا دەگەڕێ لە شوێنە بیابانبووەكانەوە.
34. ئەم كۆچكردنە بەرەو ئەورووپا و وڵاتانی دەرەوە دەبێت.
35. داوامان لە وڵاتان كردووە یارمەتیمان بدەن، بۆ ئەوەی گۆڕانی کەشوهەوا نەبێت بە هۆكارێكی تری كۆچكردن.
36. چارەسەركردنی ئەم كێشەیە لە سەرچاوەكەیەوە یارمەتیی وڵاتانی ئەورووپیش دەدا لە خۆپاراستن لە كێشە كۆمەڵایەتی و سیاسی و ئەمنییەكان.
37. وەكوو هەرێمی كوردستان، هەنگاوی كردەییمان هاوێشتووە لە دروستكردنی بەنداوەكان.
38. وەستاندن و هەڵگرتنی ئەو هەموو موەلیدەیەی دەبوونە هۆكاری پیسبوونی ژینگەی شارەكان، كاری ئەرێنی بوون.
39. ئێمە چاوەڕێ نین موعجیزە بخولقێت، دەبێ خۆمان موعجیزە دروست بكەین.
40. خۆمان دەتوانین وڵاتەكەی خۆمان ئاوەدان بكەینەوە.
41. كاروانی ئاوەدانی لە كوردستان بەردەوام دەبێت، هیوادارین هەمووتان یارمەتیدەرمان بن.
42. ئامادەین هاوکاری حکوومەتی فیدراڵی عێراق بکەین ئەگەر ئەوانیش مەبەستیان خزمەتکردن بێت.
43. ئێمە بەشدارین بە شێوەیەکی زۆر کارا لە هەڵمەتی هەڵبژاردن بۆ سەرخستنی کاندیدەکانی پارتی
44. کاندیدەکانی پارتی لە پەرلەمانی داهاتووی عێراق دەتوانن بەرگری لە مافی هەموو خەڵکی عێراق بکەن
45. بە پێویستیمان زانی بەشدارییەکی کارامان لە هەڵبژاردنی عێراقدا هەبێت
46. کاندیدانی پارتی جەخت لە جێبەجێکردنی هەموو ماددەکانی دەستوور دەکەنەوە
