نیوەی دارخورماکانی عێراق لەنێوچوون

عێراق لە هەناردەکاری خورما بووەتە هاوردەکار

 

 K24 - هەولێر

عێراق یەکێک بوو لە وڵاتە سه‌ره‌كییه‌كانی بەرهەمهێنەری خورما و هەناردەکردنی، كه‌چی ئێستا بووه‌ته‌ هاوردەكاری خورما. عێراق، لە ساڵی 2019 تەنیا لە ئێران بە بەهای زیاتر لە 9 ملیۆن دۆلار خورمای هاوردە کردووە، هۆکارەکەشی بۆ لەناوچوونی ژمارەیەکی زۆری دارخورماكان لە عێراق دەگەڕێتەوە.

عەباس ھەموو ساڵێك لەم كاتانەدا، بە داسەكەیەوە بەسەر دارخورماكاندا سەرده‌كەوێت بۆ وەراندنی خورماكان و له‌ ھەر ھێشوویەك خورما، تەنیا دوو ھەزار دیناری دەستدەكەوێت.

سەرەڕای ئەوەی پێشبینی دەكرێت رێژەی ھەژاری لە عێراق لەم ساڵدا بگاتە 40٪، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا عەباس ناتوانێت دەستبەرداری پیشەكەی بێت.

عەباس عەبوود، دەڵێ "ئەم دارانە بە هێمای عێراق دادەنرێن و نوێنەرایەتیمان دەکەن، کارێکی مەترسیدار و قورسە و داھاتیشی بەپێی پێویست نییە، لەگەڵ ئەوەشدا هه‌ر بەردەوامین لەسەر پیشەکەمان".

عێراق، پێش دوو دەیە خاوەن 30 ملیۆن دارخورما بوو، بەڵام ئێستا خاوەنی نزیکەی 15 ملیۆن دارخورمایە، ئەوەش بەهۆی شەڕە یەک لەدوای یەکەکان کە لەو وڵاتەدا روویانداوە.

محەمەد كەشاش، جووتیارێکی دیکەی عێراقییە و باس لەوە دەکات "پرۆسەی بڕینەوەی دارخورما لە مانگی تشرینی یەکەمەوە دەستپێدەکات، لەو كاتەدا خێزانەکان کۆدەکاتەوە بۆ بەشداریکردن".

باوکی عەباس ساڵی رابردوو بەهۆی کەوتنەخوارەوە لەسەر دارخورما گیانی لەدەستدا، لەگەڵ ئەوەشدا عەباس نایەوێت واز لەو کولتوورە تایبەتەی چنینی بەرهەمی خورما بھێنێت، کە لە دێرزەمانەوە لە باوباپیرانیانەوە بۆیان ماوەتەوە.

 

هـ.ر.

Fly Erbil Advertisment