ئەمەریکا لە دووبارە سەرهەڵدانەوەی بەرنامەی مووشەکی ئێران نیگەرانە

چەند کۆنگرێسێکی ئەمەریکی نیگەرانی خۆیان لە دووبارە سەرهەڵدانەوەی بەرنامە ئەتۆمی و مووشەکییەکانی ئێران پیشانداوە و داوا لە سەرۆکی ئەمەریکا دەکەن، هەڵوێستی توند دژ بە هاوکاری و هەماهەنگیی مووشەکی نێوان چین و ئێران وەرگرێت.

سەرەڕای گەڕانەوەی سزا نێودەوڵەتییەکان، جموجۆڵەکانی ئەم دواییەی ئێران بۆ نوێکردنەوەی بەرنامە مووشەکە بالیستییەکانی بە هاوکاری و هەماهەنگیی چین بووەتە مایەی نیگەرانی ئەندامانی کۆنگرێسی ئەمەریکا و بەشێک لە ئەندامەکانی لە هەر دوو حزبی دیموکرات و کۆمارییەکان، دەیانەوێت واشنتن کاردانەوەی توند لەبەرانبەر ئەم هەنگاوانەی ئێران نیشان بدات.

لە ڕاپۆرتێکدا کەناڵی سی ئێن ئێن بڵاوی کردووەتەوە: گەڕانەوەی سزاکانی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ سەر ئێران، پێفرۆشتنی چەک و کەرەستەی سەربازی و مووشەکی بە تاران قەدەغە دەکات، کەچی ئێستا بە هاوکاریی پەکین سەرقاڵی نوێکردنەوەی بەرنامە مووشەکییەکەیەتی.

بەگوێرەی ڕاپۆرتی کەناڵە ئەمەریکییەکە، لە دوای هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر ئێران لە حوزەیرانی ئەم ساڵ کە 12 ڕۆژی خایاند، دوو هەزار تۆن پراکلۆراتی سۆدیۆم، کە ماددەی سەرەکیی بەرهەمهێنانی سووتەمەنی ڕەقە بۆ مووشەکە مامناوەند بڕەکان، لە چینەوە بۆ بەندەر عەباس گوازراوەتەوە.

دوێنێ پێنجشەممە، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا لە یەکەم دیداری لەگەڵ شی جی پینگ، سەرۆکی چین ڕەزامەندیدا بە کەمکردنەوەی باجەکانی واشنتن لەسەر پەکین، هەروەها جێبەجێکردنی یاسایەکی تایبەت بە سنووردارکردنی دەست گەیشتنی هەندێک کۆمپانیای چینی بە تەکنۆلۆژیا ئەمەریکییەکان ڕاگرت، لە بەرانبەردا چین سازشی لەسەر چەند هەنگاوێکی دژ بە ئەمەریکا کردووە، بەڵام سەبارەت بە هاوکاری نەکردنی ئێران لە لایەنی لۆجستی سەربازی و تەکنۆلۆژیاوە، هەر دوو سەرۆک هیچ قسەیەکیان نەکردووە.

لەم بارەیەوە ڕیک سکۆت، سێناتۆری کۆماریی لە ویلایەتی فلۆریدا ڕایگەیاندووە: ڕووسیا، ئێران، چین و کۆریای باکوور، هەموویان هەوڵ دەدەن ژیان لەناو ببەن.

هەروەها بە دووری نازانێت، ئەمەریکا و ئیسرائیل لە داهاتوودا ناچار بن هەنگاوی نوێی سەربازی دژ بە ئێران بگرنەوە بەر و ئاماژەی داوە، ناچار دەبین توانای دروستکردنی چەکی ئەتۆمی ئێران لەناو ببەین، چونکە تا سیستەمێکی نوێ لە ئێران دەسەڵات نەگرێتە دەست، ئەم بارودۆخە بەردەوام دەبێت. ڕاشیگەیاندووە، ڕێککەوتننامەکان هیچ کاریگەر نین، چونکە چین جێبەجێیان ناکات.

مایک لاولەر، سیناتۆرێکی دیکەی ئەمەریکایە، چەند پرۆژەیەکی بۆ سزادانی دامەزراوە چینییەکان بەهۆی هاوکاریی ئێران پێشکەش کردووە و دەڵێت: ئەگەر ڕاپۆرتەکان دەربارەی دابینکردنی ماددە لەلایەن چینەوە بۆ نوێکردنەوەی بەرنامەی مووشەکە بالیستییەکانی ئێران ڕاست بن، پێشهاتێکی خراپە و ئاسایشی ئەمەریکا و جیهان دەخاتە مەترسییەوە، بۆیە داوا لە ئیدارەی ئەمەریکا دەکەم بە پەلە ئەو سزایانە جێبەجێ بکات کە هەیە و سزای نوێش بەسەر چین بسەپێنێت کە هاوکاری ئێران دەکات.

هەریەک لە سیناتۆرەکانی وەک جۆن کۆرنین و مارک کۆلی و ڕیچارد بلومێنتاڵ لە بارەی هاوکارییەکانی چین و نوێکردنەوەی بەرنامە مووشەکیی ئێران نیگەرانیان دەربڕیوە و دەڵێن: ئەمەریکا نەیتوانیوە توانا مووشەکییەکانی ئێران بە تەواوی لە ناو ببات و ئێستاش چەندین شارەزا و پسپۆری پێویستی بۆ دووبارە بنیاتنانەوەی بەرنامە ئەتۆمییەکەی لەبەردەستدایە.

هەروەها ڕافایل گرۆسی، بەڕێوەبەری گشتیی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆمی، لە 28ـی تشرینی یەکەمدا ڕایگەیاندبوو، دامەزراوەکەیان لەم دواییانەدا هۆشداری لە جموجۆڵی نوێی ئەتۆمیی لە ئێران دابوو.

 
Fly Erbil Advertisment