شیرین فوئاد مەعسوم: هەمووان دەگەڕێنەوە بارەگای بارزانی

شیرین فوئاد مەعسوم
شیرین فوئاد مەعسوم

شیرین فوئاد مەعسوم، کادیری پێشکەوتووی پارتی دیموکراتی کوردستان دەڵێت: پارتی دیموکراتی کوردستان حزبێکی نیشتمانییە، دەشڵێت: هەر کەسێک بیەوێت قسە لەسەر کوردستان و گەلی کوردستان بکات، پێویستە بگەڕێتەوە بارەگای بارزانی و لای سەرۆک بارزانی، چونکە سەرۆک بارزانی سیمبوڵی گەلی کوردستانە لەهەر چوار پارچەدا.

لە بەرنامەی باسی ڕۆژی کوردستان24 کە ژینۆ محەممەد پێشکەشی دەکات، شیرین فوئاد مەعسوم مەعسوم، کادیری پێشکەوتووی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: پارتی دیموکراتی کوردستان خۆی بە بەرپرسیار دەزانێت بەرانبەر ئایندەی هەریمی کوردستان و تەواوی عێراق، بۆیە گرنگە دەنگ بە پارتی دیموکراتی کوردستان بدرێت  لە هەڵبژاردندا.

لەبارەی داوای پارتی لە خەڵکی  کوردستان بۆ ئەوەی دەنگی پێبدەن، شیرین فوئاد موعسوم گوتی: پارتی دەرچووە لەوەی حزبێکی تەنیا کوردی بێت، بەڵکو ئێستا پارتی حزبێکی کوردستانییە، زۆرینەی نەتەوە و پێکهاتەکان لە پارتی کۆبوونەوەتەوە و دەیانەوێت لەڕێزی پارتیدا نوێنەرایەتی گەلی کوردستان بکەن لە بەغدا، ئامانجی پارتیش ئەوەیە، ئەمجارەیان نەوەک هەر کوردستان، بەڵکو خزمەتی هەموو عێراق بکات.

لەبارەی بوونی هێز و لایەنە سیاسییەکانی دیکەی  کوردستان، شیرین فوئاد مەعسوم گوتی: هێز و لایەنە سیاسییەکانی دیکەی کوردستان وەک پارتی بۆ بەرژەوەندی کوردستان کار ناکەن، بەڵکو بۆ بەرژەوەندی خۆیان کار دەکەن، پارتی بە ئەرکی خۆی دەزانێت کوردستان بپارێزێت.

سەبارەت بە هێزی پارتیش، شیرین فوئاد مەعسوم ئاماژەی بەوە کرد، هەرکەسێک بیەوێت قسە لەسەر کوردستان و گەلی کوردستاندا بکات، پێویستە لەگەڵ پارتی گفتوگۆ بکات، لە باکوور و ڕۆژئاوا و ڕۆژهەڵات، هەمووان دەگەڕێنەوە بارەگای بارزانی و لای سەرۆک بارزانی، سەرۆک بارزانی نوێنەرایەتی تەواوی کوردستان دەکات لە هەر چوار پارچەدا، سەرۆک بارزانی ئێستا ڕێبەری کوردستانی گەورەیە.

گوتی: پارتی مەبدەئی خۆی لەبارەی کوردستان هەرگیز نەگۆڕیووە، بۆیە جیاوازە لەگەڵ حزبەکانی دیکەی کوردستان کە مەبدەئەکانی خۆیان دەگۆڕن، پارتی مەبدەئی زۆر جیاوازە لەگەڵ ئەوانەی کە دەست دەخەنە نێو دەستی ئەوانەی گەلی کوردستان ئازار دەدەن.

دەڵێت: پارتی بەرپرسیارەتی نەتەوەیی و نیشتمانیی هەڵگرتووە، دەزانێت بەرژەوەندیی کورد لە چیدایە، پارتی خیانەت لە پرس و مافە نەتەوەیی و دەستوورییەکان ناکات.

 
 
 

 

Fly Erbil Advertisment