دوو تۆمەتباری دیکە لەسەر دزینی خشڵەکانی مۆزەخانەی لۆڤەر دەستگیرکران
دادوەرێکی لێکۆڵینەوە لە پاریس، ئەمڕۆ شەممە 1ـی تشرینی دووەمی 2025، تۆمەتی دزینی خشڵەکانی لۆڤەری ئاراستەی دوو کەسی دیکە کرد کە یەکێکیان ئافرەتێکی تەمەن 38 ساڵەیە.
دوای نزیکەی دوو هەفتە لە ڕووداوەکە و لە چوارچێوەی لێکۆڵینەوەکان لە دزینی مۆزەخانەی لۆڤەر لە پاریس، کۆی ئەو کەسانەی لێکۆڵینەوەیان لەگەڵدا دەکرێت لەسەر ئەم کەیسە، گەیشتە چوار کەس، لە کاتێکدا هێشتا کەلوپەلە دزراوەکان نەدۆزراونەتەوە.
بەپێی زانیارییەکانی ئاژانسی (فرانس پرێس) لە سەرچاوەکانی پۆلیس، ئێوارەی چوارشەممەی ڕابردوو، پێنج کەس لە پاریس دەستگیرکران و تۆمەت ئاراستەی دووانیان کرا و سێ کەسی دیکەیان ئازادکران.
یەکێک لەو دوو تۆمەتبارانە، دایکێکە تەمەنی 38 ساڵە و تۆمەتی هاوکاریکردنی لە دزییەکەی لۆڤەر خراوەتە پاڵ.
ئەو دایکە لە گەڕەکی لا کۆرنۆفی باکووری پاریس نیشتەجێیە و بە گریانەوە لەبەردەم دادوەرەکەدا گوتی: "دەترسێت" بۆ منداڵەکانی و بۆ خۆی".
دادوەرەکەش ئاماژەی بەوەدا کە ڕاگرتنەکەی بەهۆی بوونی گومانە لەسەری، بە هاوکاری و تێکدانی ئارامیی گشتی لە فەرەنسا.
ئەدریان سۆرێنتینۆ، یەکێک لە پارێزەرانی ئەو دایکە ڕاگیراوە، جەختی لەوە کردەوە کە ئەو تۆمەتانەی ئاراستەی بریکارەکەی کراوە، بە توندی ڕەت دەکاتەوە.
سەرچاوەکان ئاشکرای دەکەن، سێ کەس لەوانەی دەستگیرکرابوون، ئازادکران بەبێ ئەوەی هیچ تۆمەتێکیان ئاراستە بکرێت.
لۆر بیکۆ، داواکاری گشتیی پاریس، ڕۆژی پێنجشەممەی ڕابردوو ڕایگەیاندبوو، لە نێو ئەو گومانلێکراوانەی ڕۆژی چوارشەممەی ڕابردوو دەستگیرکران، ئەندامێکی ئەو گرووپە چوار کەسییە هەیە کە لە کەمتر لە هەشت خولەکدا، لە 19ـی تشرینی یەکەم کردەوەی دزییەکەیان لە لۆڤەر ئەنجامداوە.
داواکاری گشتیی پاریس ئاماژەی بەوەشدا کە، بەڵگەکانی دی ئێن ئەی، سەلماندوویەتی دایکەکە پەیوەندیی بە دزییەکەوە هەبووە.
