ئەمەریکا.. لە ئاهەنگێکی هاڵۆوین پێنج کەس برینداربوون
لە ڕووداوێکدا لە ڕۆژئاوای ویلایەتی ئۆکلاهۆما، تەقە لە ئاهەنگێکی هاڵۆوین کرا و لە ئەنجامدا پێنج کەس برینداربوون. پۆلیسی ناوچەکە دەستی بە لێکۆڵینەوەیەکی ورد کردووە بۆ دۆزینەوەی ئەنجامدەران و هۆکاری ڕووداوەکە.
بەگوێرەی ڕۆژنامەی "ئۆکلاهۆمانی"، تەقەکردنەکە ئێوارەی ڕۆژی هەینی لە ئاهەنگێکدا ڕوویداوە کە لە حەوشەی ماڵێکی تایبەتدا بەڕێوەچوو و زیاتر لە 30 هەرزەکار تێیدا ئامادەبوون.
سەبارەت بە دۆخی بریندارەکان، سەرچاوەکە ئاماژەی بەوەداوە کە سێ کەس لە پێنج بریندارەکە بەهۆی سەختی برینەکانیانەوە گەیەندراونەتە نەخۆشخانە، بەڵام برینەکانیان مەترسی لەسەر ژیانیان دروست نەکردووە.
تاوەکو ئێستا هیچ کەسێک لەسەر ئەم ڕووداوە دەستگیر نەکراوە و پۆلیسیش هیچ زانیارییەکی لەبارەی گومانلێکراوانەوە بڵاو نەکردۆتەوە، هاوکات لێکۆڵینەوەکان بەردەوامن.
