لاوەند مەموندی: سەرەتای مانگی حوزەیران هەموو هێڵە ئاسمانییەکان دەگەڕێنەوە
لاوەند مەموندی، سەرۆكی یەكێتیی كۆمپانیاكانی فڕۆكەوانی و گەشتیاریی لە هەرێمی كوردستان، دووپاتی کردەوە کە رۆژانە لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی هەولێرەوە گەشتی ئاسمانی بۆ چەند وڵاتیکی ئەوروپایی و عەرەبی دەکرێت و کۆمپانیای فلای ئەربیل توانیویەتی وەک هێڵێکی ئاسمانیی ناوچەیی، بۆشایی گەشتەکان پڕ بکاتەوە.
ئەمڕۆ هەینی، 24ـی نیسانی 2026، لاوەند مەموندی کە هاوکات بەڕێوەبەری جێبەجێکاری فلای ئەربیلە، لە لێکدوانێکدا بۆ کوردستان24 رایگەیاند: هەنگاو بە هەنگاو گەشتەکان ئاسایی دەبنەوە و لە سەرەتای مانگی داهاتووشەوە، گەشت بۆ چەند وڵاتێکی دیکەی ئەوروپا دەست پێدەکاتەوە. ئێستاش رۆژانە گەشت بە نزیکەی 500 کەس دەکەین.
دوای ئاگربەستی نێوان ئەمەریکا و ئێران، حکوومەتی فیدراڵ، ئاسمانی عێراقی بەڕووی گەشتەکاندا کردەوە، بەڵام سەرەڕای ئەوەش، ئاسمانی عێراق و هەرێمی کوردستان جوولەی گەشتیاری زۆریان تێدا نابیندرێ.
لاوەند مەموندی لەوبارەیەوە گوتی: ئاسمانی عێراق کراوەیە و هیچ مەترسییەکی لەسەر نییە، بەڵام کوەیت و بەحرەین ئاسمانی خۆیان تا ئێستا نەکردووەتەوە، پێشتر بەشێک لە وڵاتانی ئەوروپایی، ئاسمانی ئەو دوو وڵاتەیان وەک کریدۆر بەکار دەهێنا و دواتر فڕۆکەکان بە ئاسمانی هەرێمی کوردستاندا تێدەپەڕین، ئێستا کە ئاسمانی هەرێم گەشتی زۆری تێدا نییە، بە هۆی داخرانی ئاسمانی ئەو دوو وڵاتەیە.
ئێستا کۆمپانیای فلای ئەربیل گەشتی چوون و گەڕانەوەی بۆ ئیستانبول، دۆسۆلدۆرف، هانۆڤەر، شتوتگارت، بەرلین، کۆپنهاگن، میونشن و ئەمستردام هەیە.
وەک بەڕێوەبەری جێبەجێکاری فلای ئەربیل رایگەیاند، سەرەتای مانگی داهاتوو گەشتیان بۆ فرانکفۆرت و لەندەن دەبێت و بڕیارە "سەرەتای مانگی حوزەیرانی داهاتووش، هەموو هێڵە ئاسمانییەکان، دەگەڕێنەوە و گەشتەکانیان بە ئاسایی دەست پێ دەکەنەوە."
جیا لە فلای ئەربیل، ئێستا چەند هێڵێکی دیکەی ئاسمانی لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێرەوە، گەشتی چوون و گەڕانەوەیان بۆ بەغدا، بەسرە، دوبەی، قاهیرە، شاریقە و دیمەشق هەیە.