نوێنه‌رێكی سوننه: میلیشیاكانی حه‌شد "جرف الصخر"یان كردووه‌ته مه‌نفای رفێندراوانی سوننه
K24 – هه‌ولێر:
كه‌سایه‌تییه سیاسییه‌كان و چالاكوانان، له‌و بڕوایه‌دان، مسته‌فا كازمی، سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق، سه‌ره‌ڕای راگه‌یاندنی چاكسازی و به‌ڵێنه‌كانی له باره‌ی جێبه‌جێكردنی یاساوه، هێشتا بوێری ئه‌وه‌ی نییه ده‌ست بۆ هه‌ندێك دۆسیه ببات، كه ره‌هه‌ندی مرۆییان هه‌یه و په‌یوه‌ستن به مافی مرۆڤه‌وه. به تایبه‌تی ئه‌و دۆسیانه‌ی هه‌ریه‌ك له حكومه‌ته‌كانی عه‌بادی و عه‌بدولمه‌هدی دیوارێكی گه‌وره‌ی بێده‌نگیان به روودا هه‌ڵچنیون. گرنگترینیشیان دۆسیه‌ی "جرف الصخر" و ئه‌و دۆسیانه‌یه، كه باس له چه‌وساندنه‌وه‌ی خه‌ڵك و ژێرپێخستنی مافه‌كانیان ده‌كات له لایه‌ن گرووپ و میلیشیا شیعه‌كانه‌وه، كه بوونه‌ته مۆته‌كه‌ی گیانی خه‌ڵكی عێراق و له سایه‌ی بێده‌نگی دامه‌زراوه‌كانی ده‌وڵه‌ت سه‌ریان له جه‌رگی خه‌ڵكی عێراق ناوه.
یه‌كێك له‌و دۆسیانه، پرسی ئه‌و خه‌ڵكه‌یه، كه به زۆره‌ملێ كۆچڕه‌ویان پێكراوه و له‌سه‌ر ماڵ و حاڵی خۆیان ده‌ركراوون.
له سه‌روبه‌ندی شه‌ڕی دژ به داعش، به تایبه‌ت له ساڵانی نێوان (2014 - 2017) ژماره‌یه‌كی زۆری هاووڵاتیان، به تایبه‌تی سوننه ئاینزاكان له‌سه‌ر ماڵ و حاڵی خۆیان وه‌ده‌رنراوون.
بكه‌ری سه‌ره‌كی ئه‌و تاوانه مرۆییانه، ئه‌و گرووپ و میلیشیا شیعانه‌ن، كه له بۆته‌ی "حه‌شدی شه‌عبی" خۆیان رێكخستووه و سه‌ره‌تا له ژێر پاساوی تاكتیكی شه‌ڕ له دژی داعش ئه‌و خه‌ڵكه سوننه ئاینزایه‌یان ده‌ربه‌ده‌ر كردووه، به‌ڵام ده‌ركه‌وت، مه‌سه‌له‌كه ته‌نیا تاكتیكی سه‌ربازی و له پێناو پاراستنی گیانی مه‌ده‌نییه‌كان نه‌بوو، به‌ڵكو هه‌وڵێكی رێكخراوه بۆ گۆڕینی دیموگرافیای ناوچه‌كانی دانیشتووان، به‌و پێیه‌ی ماڵ و حاڵی ئه‌و خه‌ڵكه ده‌ربه‌ده‌ره داگیركراوه و رێگه‌ش به گه‌ڕانه‌وه‌یان نادرێت.
شارۆچكه‌ی "جرف الصخر" نموونه‌یه‌كی زیندووی ئه‌و ره‌وشه‌یه، میلیشیا شیعه‌كان درووستیان كردووه. ئه‌و ناوچه‌یه ده‌كه‌وێته باشووری به‌غدای پایته‌خت و سه‌ر به پارێزگای بابله. له‌وێ شه‌ڕێكی دژوار له نێوان حه‌شدی شه‌عبی و چه‌كدارانی رێكخراوی داعش روویدا.
میلیشیاكانی حه‌شد، به پاساوی ئه‌وه‌ی، هاووڵاتیانی ناوچه‌كه هاوكار و پشتیوانی رێكخراوی داعش بوون و هاو ئاینزان له‌گه‌ڵ داعش، سه‌رجه‌م دانیشتوانه ره‌سه‌نه‌كه‌یان ئاواره و ده‌ربه‌ده‌ر كرد.
سه‌ره‌ڕای كۆتایهاتنی چه‌كدارانی داعش له ناوچه‌كه و راگه‌یه‌اندنی سه‌ركه‌وتن به‌سه‌ر داعشدا، له لایه‌ن عێراقه‌وه، ئه‌مه نزیكه‌ی سێ ساڵه میلیشیاكانی حه‌شد رێگه ناده‌ن خه‌ڵكی ناوچه‌كه بگه‌ڕێنه‌وه سه‌ر ماڵ و حاڵیان و ئه‌و خه‌ڵكه‌ی ئاواره بووه، هه‌ریه‌كه‌ی له شوێنێك گیرساوه‌ته‌وه و توانای گه‌ڕانه‌وه‌یان نییه.
شاره‌زایان له‌و بڕوایه‌دان، هۆكاری كۆچپێكردنی خه‌ڵكی "جرف الصخر" بۆ ئه‌وه ده‌گه‌ڕێته‌وه، ئه‌و ناوچه‌یه ده‌كه‌وێته نزیك به‌غدا و راسته‌وخۆ كاریگه‌ری له‌سه‌ر ئاسایشی به‌غدا هه‌یه و هه‌روه‌ها ناوچه‌كه ده‌كه‌وێته سه‌ر رێگه‌ی كه‌ربه‌لا و نه‌جه‌ف، كه لای شیعه ئاینزاكان دوو شاری "پیرۆزن" و سه‌رزه‌مینی مه‌زارگه "پیرۆزه‌كان"ی شیعه‌ن.
یه‌كێكی دیكه له هۆكاره‌كان، ئه‌وه‌یه، "جرف الصخر" ناوچه‌یه‌كی سه‌وزه و خاوه‌نی بێستانێكی زۆره، ملیشیاكان به ئاسانی ده‌توانن خۆیانی تێدا حه‌شار بده‌ن. ته‌نانه‌ت ئێستا ده‌وترێت ئه‌و ناوچه‌یه بووه‌ته، "پاوانێكی ئێران"، چونكه زۆرێك له ناوه‌نده‌كانی سه‌ر به سوپای پاسدارانی كۆماری ئیسلامی ئێران له‌و ناوچه‌یه كراونه‌ته‌وه و سه‌ربازگه و فێرگه‌ی تایبه‌ت به مه‌شق و راهێنانی میلیشیاكانیان تێدا دامه‌زراندووه، به‌و پێیه‌ی ناوچه‌كه له ئاسمانه‌وه چاودێریكردنی ئه‌سته‌مه و سه‌وزایی و دارودره‌ختی ناوچه‌كه رێگه نادات فڕۆكه‌كان به وردی چاودێری بكه‌ن.
هه‌ندێك سه‌رچاوه‌ی عێراقی، باس له‌وه ده‌كه‌ن، له‌و ناوچه‌یه، كارگه‌ی درووستكردنی مووشه‌ك و كه‌لوپه‌لی ته‌قینه‌وه‌ی ئێرانی ئاماده ده‌كرێت و به‌شێك له‌و مووشه‌كانه‌ی میلیشیاكان ئاراسته‌ی باڵیۆزخانه و ئامانجه ئه‌مه‌ریكاییه‌كانی ده‌كه‌ن، له‌و ناوچه‌یه و له لایه‌ن ئه‌ندازیاره ئێرانییه‌كانه‌وه، یاخود به هاوكاری ئه‌وان درووست ده‌كرێن.
هه‌ندێك سه‌رچاوه‌ی خۆجێی عێراقی ئاشكرایانكردووه، له ناو باخ و بێستانه‌كانی ئه‌و ناوچه‌یه، میلیشیاكان زیندانی نهێنیان درووست كردووه و هه‌ر كه‌سێكی سوننه مه‌زهه‌ب كه ده‌ڕفێندرێت، له‌و زیندانانه بۆ ماوه‌ی درێژ حه‌شار ده‌درێت.
ئه‌ندامی سوننه‌ی ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق، "ره‌عد دهلكی" له باره‌ی "جرف الصخر"ه‌وه ده‌ڵێت: ئه‌و ناوچه‌یه بووه‌ته "زیندانێكی گه‌وره" و هیچ حكومه‌ت و ده‌سه‌ڵاتێكی ره‌سمی و دامه‌زراوه‌یه‌كی عێراق بوێری ئه‌وه‌ی نییه، باسی بكات و بچێته ناویه‌وه.
ئه‌و نوێنه‌ره، پێی وایه، ئیدی شه‌ڕی رزگاركردنی ناوچه‌كان له ده‌ستی داعش ته‌واو بووه، قۆناغی دووه‌می ئه‌و شه‌ڕه ئه‌وه‌یه، یاسا بسه‌پێندرێت و ئه‌و ناوچانه‌ی كه‌وتوونه‌ته ژێر پێی گرووپ و میلیشیا چه‌كدارییه‌كان و داگیریان كردوون، ئه‌وانیش رزگار بكرێن و كاتی ئه‌وه هاتووه، سه‌رۆك وه‌زیران هه‌نگاو له‌و باره‌یه‌وه بنێت.
ئه‌وانه‌ی به‌رگری له سیاسه‌تی سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق، مسته‌فا كازمی، ده‌كه‌ن، له‌و بڕوایه‌دان، هێشتا كاتی گونجاو بۆ ده‌ستبردن بۆ ئه‌و دۆسیانه نه‌هاتووه و پێویسته هه‌نگاو به هه‌نگاو هه‌وڵی چاكسازی و ریشه‌كێشكردنی گه‌نده‌ڵكاران بكرێت و چه‌ك بخرێته‌وه ده‌ستی ده‌وڵه‌ت.
نوێنه‌ره سوننه‌كه، باسی له‌وه‌شكرد، ئه‌وان بۆ پرسی گه‌ڕانه‌وه‌ی خه‌ڵكی ئاواره‌ی سوننه، قسه‌یان له‌گه‌ڵ سه‌رۆك وه‌زیران كردووه، به‌ڵام هێشتا كۆمه‌ڵێك هۆكار هه‌ن، رێگرن له‌به‌رده‌م گه‌ڕانه‌وه‌ی ئاواره‌كان بۆ سه‌ر ماڵ و حاڵی خۆیان. هه‌ندێك له رێگرییه‌كان په‌یوه‌ستن به "تۆڵه‌كردنه‌وه‌ی عه‌شائیری" و زۆربه‌ی رێگرییه‌كانیش هۆكاره‌كه‌یان ئه‌وه‌یه، میلیشیا شیعییه‌كان ده‌ستیانگرتووه به‌سه‌ر ناوچه‌كاندا و ده‌یانه‌وێت دیموگرافیایان بگۆڕن.
ئه‌و نوێنه‌ره گوتیشی: بۆ نموونه ناوچه‌یه‌كی وه‌ك "جرف الصخر" بووه‌ته "مه‌نفا"ی خه‌ڵكی سته‌مدیده‌ی عێراق و ناوچه‌كه داخراوه و رێگه به كه‌س نادرێت سه‌ردانی بكات و بچێته ناویه‌وه. زانیاریمان پێگه‌یشتووه، زیندانی گه‌وره‌ی تێدا كراوه‌ته‌وه و گۆڕی به كۆمه‌ڵی زۆری تێدایه. ئه‌و ناوچه‌یه له لایه‌ن میلیشیاكانه‌وه داگیركراوه و كه‌سیش ناوێرێت قسه‌ی له‌سه‌ر بكات.
پێش ئه‌وه‌ی میلیشیاكان ده‌ستی به‌سه‌ردا بگرن، (50) هه‌زار هاووڵاتی سوننه مه‌زهه‌ب، له هۆزی "جه‌نابیین"، كه جووتیار و كرێكار بوون له‌و ناوچه‌یه ده‌ژیان.
دوای رووداوه‌كانی شه‌ڕی داعش، میلیشیا شیعه‌كان ده‌ستیان به‌سه‌ر ئه‌و ناوچه‌یه‌دا گرتووه و ته‌واوی خه‌ڵكه‌كه‌یان ئاواره كردووه و ده‌ڵێن: رێگه ناده‌ین حه‌شارگه‌یه‌كی سوننه‌كان له‌سه‌ر رێگه‌ی كه‌ربه‌لا و نه‌جه‌ف و له نزیك به‌غدا بمێنێت.
راپۆرت و زانیارییه به‌رده‌ستكه‌وتووه‌كان باس له‌وه ده‌كه‌ن، ئه‌و میلیشیا چه‌كدارییه‌ی ده‌ستی به‌سه‌ر "جرف الصخر"دا گرتووه، له "حزبوڵڵای عێراق"ی زیاتر كه‌سی دیكه نییه، ئه‌و میلیشیا چه‌كدارییه‌ش به‌وه ناسراوه، كه دڵسۆزیی و گوێڕایه‌ڵییه‌كی له راده‌به‌ده‌ری بۆ "عه‌لی خامنه‌یی" رێبه‌ری شۆڕشی كۆماری ئیسلامی ئێران و سیستمی مه‌زهه‌بی ئێران هه‌یه.
"ره‌عد دهلكی"، ده‌ڵێت: پێشتر به سه‌رۆك وه‌زیرانی پێشووتر، "حه‌یده‌ر عه‌بادی" و سه‌رۆك وه‌زیرانی پێشوو، "عادل عه‌بدولمه‌هدی" و ئێستاش به سه‌رۆك وه‌زیران، "مسته‌فا كازمی"م وتووه، یه‌كجار سه‌ردانی "جرف الصخر" بكه، له‌وێ كۆنگره‌یه‌كی رۆژنامه‌وانی بكه، به‌ڵام هیچ كامێكیان نه‌یانتوانی. چونكه ئه‌و ناوچه‌یه بووه‌ته "مه‌نفا" بۆ خه‌ڵكی سوننه‌ی عێراق. به راستی حكومه‌ت ده‌سته‌پاچه‌یه له ئاست ئه‌و ناوچه‌یه و ره‌فتاری میلیشیاكان تێیدا.
ئه‌و نوێنه‌ره باسی له‌وه‌شكرد، ئه‌وه ته‌نیا خه‌ڵكی باشووری به‌غدا نین، كه ناتوانن بگه‌ڕێنه‌وه، به‌ڵكو له باكووریشه‌وه، له پارێزگاكانی سه‌لاحه‌ددین و دیاله، میلیشیاكان رێگه ناده‌ن سوننه‌كان بگه‌ڕێنه‌وه سه‌ر ماڵ و حاڵییان. ئه‌و رووداوه‌ی له "فه‌رحاتییه" روویدا، هه‌ر له‌و پێناوه‌دا بوو، ئه‌و میلیشیایانه له سنووری ئه‌و پارێزگایانه ده‌ستیان به‌سه‌ر كێڵگه نه‌وتییه‌كاندا گرتووه و لێیانه‌وه نه‌وت به قاچاغ ده‌فرۆشن، بۆیه رێگرن له گه‌ڕانه‌وه‌ی ئاواره سوننه‌كان. هه‌ر بۆیه پرسی ئاواره‌كان چاره‌سه‌ر نابێت، به تایبه‌تی ئاواره‌كانی "جرف الصخر" هه‌تا ده‌ستتێوه‌ردانێكی راسته‌وخۆی بیانی نه‌یه‌ته ئاراوه.