تاران و ئیسلام ئاباد بۆ جاری دووەم پێشنیازەکانی ئەمریکا تاوتوێ دەکەن
بۆ جاری دووەم لە تاران، وەزیری دەرەوەی ئێران و وەزیری ناوخۆی پاکستان کۆبوونەوە بە مەبەستی گفتوگۆکردن لەسەر پێشنیازەکانی واشنتن بۆ چارەسەرکردنی ناکۆکییەکان، سەرچاوە میدیاییەکانیش باس لە هەوڵێکی چڕ دەکەن بۆ گەیشتن بە رێککەوتنێکی نوێ لەرێگەی نێوەندگیریی پاکستانەوە.
رۆژی هەینی 22ی ئایاری 2026، موحسین نەقەوی، وەزیری ناوخۆی پاکستان لەگەڵ عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران کۆبووەوە لە دوای ئەوەی کە رۆژی چوارشەممە گەیشتە تاران، ئەمڕۆ جارێکی دیکە. لە کۆبوونەوەکەدا، هەردوولا پێشنیازەکانی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکایان سەبارەت بە چارەسەرکردنی کێشەکان و چۆنییەتی رێککەوتن لەسەر خاڵە جێناکۆکەکان خستە بەرباس.
هاوکات میدیاکانی ئێران رایدەگەیەنن، پاکستان رۆڵی نێوەندگیر لە نێوان تاران و واشنتن دەگێڕێت و ئاڵوگۆڕی پەیامەکان بە ئامانجی گەیشتن بە چوارچێوەیەکی گشتگیری رێککەوتن بەردەوامە.
سەرچاوە پاکستانییەکانیش ئاشکرایان کردووە، سەردانەکەی موحسین نەقەوی زەمینەسازییە بۆ گەیشتن بە ئەنجامی کۆتایی. ئاماژە بەوەش کراوە، ئەگەر ئەم گفتوگۆیانە سەرکەوتوو بن، چاوەڕوان دەکرێت عاسم مونیر، سوپاسالاری پاکستان سەردانی تاران بکات.
بەپێی دوایین زانیارییەکان، هەردوولا لە رێککەوتن نزیکن، بەڵام هێشتا چەند ناکۆکییەکی کەم لەسەر هەندێک وردەکاری ماون کە تاوەکو ئێستا یەکلا نەکراونەتەوە.