پۆلیسی هەولێر تۆمەتباری رووداوەکەی شەوی رابردووی دەستگیر کرد
بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی پارێزگای هەولێر رایگەیاند، تۆمەتبارێکیان دەستگیرکردووە کە بەهۆی کێشەیەکی خێزانییەوە باوکی خۆی کوشتووە و برایەکیشی بریندار کردووە.
ئەمڕۆ هەینی، 22ـی ئایاری 2026، پۆلیسی هەولێر لە راگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە "درەنگانی شەوی رابردوو، کاتژمێر 1:30 تیمەکانمان لە رووداوێکی کوشتن ئاگادارکرانەوە، دەستبەجێ هێزەکانی پۆلیس لە بەشی پۆلیسی بنەسڵاوە (بنکەی پۆلیسی کەسنەزان) گەیشتنە شوێنی رووداوەکە."
سەبارەت بە وردەکاریی رووداوەکە، پۆلیس ئاماژەی بەوە داوە، لە ئەنجامی لێکۆڵینەوە سەرەتاییەکان دەرکەوتووە کە تۆمەتبارێک بەناوی (م. س. م) بەهۆی کێشەیەکی خێزانییەوە تەقەی لە باوکی خۆی بەناوی (سەفیر موراد سابیر) کردووە و لە ئەنجامدا باوکی دەستبەجێ گیانی لەدەستداوە.
هەر لەو رووداوەدا، تۆمەتبارەکە تەقەی لە برایەکی خۆی بەناوی (میران سەفیر موراد) کردووە و برینداری کردووە، کە ئێستا لەژێر چاودێری پزیشکیدایە و چارەسەری بۆ دەکرێت.
بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی هەولێر جەختی لەوەش کردەوە، تیمەکانیان لە ماوەیەکی پێوانەیی کورتدا توانییان تۆمەتباری سەرەکی دەستگیر بکەن. هەروەها پەڕاوی لێکۆڵینەوەی بۆ کراوەتەوە و ڕێکارە یاساییەکان لە بەرانبەری گیراونەتە بەر.