مەسرور بارزانی: حاجی ئۆمەران پایتەختی شۆڕشی ئەیلوول بوو و شوێنەواری بارزانیی نەمرە

سەرۆک وەزیران مەسرور بارزانی
سەرۆک وەزیران مەسرور بارزانی

ئه‌مڕۆ دووشەممە، 03ـی تشرینی دووەمی 2025، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان پڕۆژەی دووسایدی حاجی ئۆمه‌رانی کردەوە و لە گوتارێکدا ڕایگەیاند "بە ڕاستی زۆر خۆشحاڵم کە سەردانی حاجی ئۆمەران دەکەم، کە سەردەمێک پایتەختی شۆڕشی ئەیلوول بوو و شوێنەواری بارزانیی نەمر بووە".

سەرۆک وەزیران گوتیشی: "دەڤەری حاجی ئۆمەران شوێنی ئەو پێشمەرگە قارەمانانەیە، کە ئێستا ئێمە بەرھەمی دەستیان دەبینین و لە سایەی خەبات و ماندووبوونی ئەو پێشمەرگە قارەمانانە، ئێمە کوردستانێکی ئازادمان ھەیە."

حاجی ئۆمەران کە سەر بە ئیدارەی سەربەخۆی سۆرانە، بە دووری 183 کیلۆمەتر دەکەوێتە باکوورى ڕۆژهەڵاتى شاری هەولێر، هەڵکەوتەى جوگرافىای دەڤەرەکە وایکردووە پێگەیەکی گرنگی لە مێژوویی شۆڕشەکانی کوردستاندا هەبێت، بەتایبەتى لە هەڵگیرسانی شۆڕشی ئەیلوول لە ساڵانی (1961 تا 1975) بە ڕابەرایەتی مەلا مستەفا بارزانی.

ماوەیەک لە ساڵانی حەفتاکانی سەدەی ڕابردوو بارەگای مەلا مستەفا بارزانی لە کوێستانەکانی حاجی ئۆمەران بووە.

وێنەیەکی مەلا مستەفا بارزانی لە حاجی ئۆمەران - ساڵی 1971 

کەسایەتییەکانی نێو وێنەکە لە دەستی چەپەوە:

  • م. فەرەیدون عەلی ئەمین
  • مەلا مستەفا بارزانی
  • دارا عەتا – نووسەر
  • ئەکرەم جەمیل پاشا-  دامەزرێنەری کۆمەڵەی خۆییبوون
  • عیززەت ئاغا زیا - کەسایەتی ناسراوی باکووری کورستان

هەروەها دوای شۆڕشی ئەیلوول و هەڵگیرسانی شۆڕشی گوڵان، هێزی پێشمەرگە چەندین داستانیان لە دەڤەری حاجی ئۆمەران تۆمارکرد و شەهید سەید عەبدۆڵا لە 26ی گوڵانی 1976 یەكەمین شەهیدى شۆڕشی گوڵان لەو دەڤەرە، بەڵام ڕژێمی بەعس لە ساڵی لە دوای ساڵی 1980 تاوەکوو 1988 بە ماوەی سێ ساڵ و بە درێژایی هەشت ساڵەی جەنگ لەگەڵ ئێران، حاجی ئۆمەران و گوندەکانی دەوروبەری بە تەواوی وێرانکرد. 

 

Fly Erbil Advertisment