مەسرور بارزانی: دووسایدی حاجی ئۆمەران بە شێوەیەکی سەردەمیانە و ڕێکوپێک دروست کراوە

سەرۆک وەزیران مەسرور بارزانی
سەرۆک وەزیران مەسرور بارزانی

سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان پڕۆژەی دووسایدی حاجی ئۆمەرانی کردەوە و ڕایگەیاند، بە شێوەیەکی "سەردەمیانە و ڕێکوپێک دروست کراوە".

 ئەمڕۆ دووشەممە، ڕێکەوتی 3ـی تشرینی دووەمی 2025، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، پڕۆژەی ستراتیژیی دووسایدی حاجی ئۆمەرانی کردەوە. لە میانی ڕێوڕەسمەکەدا، سەرۆکی حکوومەت گوتارێکی پێشکەش کرد و تێیدا جەختی لەسەر گرنگیی پڕۆژەکە و خزمەتکردنی هاووڵاتییانی دەڤەرەکە کردەوە.

مەسرور بارزانی لە گوتارەکەیدا ڕایگەیاند: "جێی دڵخۆشییە کە ئەمڕۆ لێرەین بۆ کردنەوەی بەشێک لەو ڕێگایە کە بەشێوەیەکی سەردەمیانە و ڕێکوپێک دروست کراوە و خراوەتە خزمەتی ھەموو ھاووڵاتییان."

سەرۆکی حکوومەت ئاماژەی بەوەش کرد کە خەڵکی دەڤەری باڵەکایەتی و حاجی ئۆمەران شایستەی خزمەتی زیاترن و گوتی: "بێگومان خەڵکی ئەم دەڤەرە شایەنی خزمەتێکی یەکجار زیاتر لەوەن. ئەوەی لە دەستی حکوومەتیش بێت بەپێی ئیمکانیات لە خزمەتتاندا دەبین و پەرە بەو گەشەسەندن و پێشخستنی وڵاتەکەمان دەدەین."

پڕۆژەی دووسایدی ناوبازاڕی حاجی ئۆمەران بە یەکێک لە پڕۆژە ستراتیژییەکانی کابینەی نۆیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان دادەنرێت. ئەم پڕۆژەیە دەبێتە بەشێک لە پڕۆژەی گەورەتری دووسایدی چۆمان-حاجی ئۆمەران، کە کاریگەرییەکی بەرچاوی لەسەر ئاسانکاریی هاتوچۆ و بووژانەوەی ئابووریی ناوچەکە و گەشەپێدانی پەیوەندییە بازرگانییەکان لەگەڵ وڵاتانی دراوسێدا دەبێت.

 

 
 
 
 
 
 

 

 

Fly Erbil Advertisment