هێمن سەید موراد: دەرمانی قڕکەر بە سەر جووتیاران دابەش دەکەین
بەڕێوەبەری گشتی کشتوکاڵی هەولێر ڕایگەیاند، هەشت هەزار لیتر دەرمانی قڕکەر بە سەر جووتیارانی سنووری پارێزگای هەولێر دابەش دەکرێت، گوتیشی: ئامانجمان زیاتر پاڵپشتی کردنی جووتیاران و زیادکردنی بەرهەمی ناوخۆییە بە باشترین کوالێتی.
ئەمڕۆ دووشەممە، 3ـی تشرینی دووەمی 2025، هێمن سەید موراد، بەڕێوەبەری گشتی کشتوکاڵی هەولێر، تایبەت بە ماڵپەڕی کوردستان24ـی گوت: حکوومەتی هەرێمی کوردستان لەو دۆخە داراییە هەستیارەی کە تیایدایە جووتیارانی لە بیرنەکردووە، هەرچەندە حکوومەتی عێراق جیاوازی زۆر لە نێوان جووتیارانی هەرێمی کوردستان و جووتیارانی باشوور و ناوەڕاستی عێراق دەکات، لە پێدانی دەرمان و پێداویستییە کشتوکاڵییەکان، بەڵام ئێمە بەردەوام دەبین لە پاڵپشتی تەواوی برا جووتیارەکانمان.
گوتیشی: هەموو ساڵێک پێش هاتنی وەرزی چاندنی دانەوێڵە، بۆ پارێزگاری کردن لە بەرهەمی جووتیاران تاوکو تووشی ئافات نەبن، دەرمانی قڕکەر دەدرێت بە برا جووتیارەکان، بۆ ئەوەی بەرهەمەکانیان پارێزراو بن، دەشڵێت: ئەمساڵ لە سنووری پارێزگای هەولێر بڕی هەشت هەزار لیتر دەرمان بە سەر جووتیاراندا دابەش دەکرێت.
هێمن سەید موراد ئاماژەی بەوەش دا، لەچەند ساڵی ڕابردوودا، بەرهەمەکانمان ڕۆژ بەڕۆژ لە پێداویستیی ناوخۆ زیاتر دەبێت، ئەمەش پێویستی بە دەرفەتی بەبازاڕکردن هەیە، دەرفەتی بەبازاڕکردنیش دەکەوێتە سەر ئاستی کوالێتی، هەروەها بەرهەمی جووتیارانیش لەئاستێکی بەرزدایە، بۆیە دەبێت پشتیوانییان بکرێت، تاوەکوو بەرهەمەکانیان کەم نەبنەوە، بۆ ئەمەش دەبێت ئەو قڕکەرانە و پێداویستییەکانیان بۆ دابین بکەین.
بەڕێوەبەری گشتیی کشتوکاڵی هەولێر باسی لەوەشکرد، "دەرمانەکە بە دادپەروەری دابەشی سەر هەموو بەش و بەڕێوەبەرایەتی و سنووری بەڕێوەبەرایەتییە گشتیەکان دەکرێت، کە مەخموور و دیبەگە و گوێڕ، تاوەکوو هەریر و ئیدارەی سەربەخۆی سۆران و هەموو ئەو شوێنانەی دەکەونە سنوورەکەمان دەگرێتەوە، لە ئەگەری هەبوونی هەر حاڵەتێکدا پشکنین بۆ کێڵگەکانیان دەکەین و پێداویستییەکانیان بۆ دابین دەکەین.
