دۆناڵد ترەمپ پرۆگرامی تیروپشکی گرین کارت بۆ کۆچبەران ڕادەگرێت

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا، بڕیاری ڕاگرتنی پرۆگرامی تیروپشکی ناسراو بە ڤیزای هەمەجۆری یان گرین کارتی دا، کە ساڵانە ڕێگەی بە هەزاران هاووڵاتی بیانی دەدا بە مەبەستی کارکردن و نیشتەجێبوون ڕوو لەو وڵاتە بکەن. کریستی نۆیم، وەزیری ئاسایشی ناوخۆی ئەمەریکا، ڕایگەیاند: بە ڕێنمایی دۆناڵد ترەمپ فەرمانی بە فەرمانگەکانی کۆچ و کۆچبەران کردووە کارکردن بەو پرۆگرامە بە شێوەیەکی کاتی ڕابگرن.

ئەم بڕیارە دوای تێوەگلانی یەکێک لە سوودمەندبووانی پرۆگرامی کۆچبەران لە ڕووداوێکی تەقەکردن دێت، پۆلیس تەرمی ئەو تۆمەتبارەی دۆزیوەتەوە کە هێرشی کردبووە سەر زانکۆی براون لە ویلایەتی ڕود ئایلاند، کە بەهۆیەوە دوو کەس کوژران و 8ی دیکەش بریندار بوون.

هاوکات دەرکەوتووە هەمان کەس نونو لۆریێرۆ، مامۆستای وزەی ئەتۆمی لە پەیمانگای تەکنەلۆجیای ماساشویسێتیشی کوشتووە. وەزیری ئاسایشی ناوخۆ جەختی لەوە کردەوە، نەدەبوو هەرگیز ڕێگە بە کەسێکی لەو شێوەیە بدرێت بێتە ناو خاکی ئەمەریکاوە.

پرۆگرامی تیروپشکی گرین کارت ساڵانە نزیکەی 50,000 ڤیزای کۆچبەری بۆ ئەو وڵاتانە تەرخان دەکرد کە ڕێژەی کۆچبەرانیان لە ئەمەریکا کەمە، بەتایبەت وڵاتانی کیشوەری ئەفریقا.

 بۆ تیروپشکی ساڵی 2025، نزیکەی 20,000,000 کەس داواکارییان پێشکەش کردبوو و زیاتر لە 131,000 کەس ناویان دەرچووبوو، کە دەبوو لە ژێر چاودێرییەکی تونددا وردبینی بۆ مامەڵەکانیان بکرێت پێش وەرگرتنی مۆڵەتی چوونە ناو ئەمەریکا.

گرین کارت یان ڤیزای هەمەجۆری، بەڵگەنامەیەکی فەرمییە کە لەلایەن وەزارەتی ئاسایشی ناوخۆی ئەمەریکاوە دەردەچێت و مافی نیشتەجێبوون و کارکردنی هەمیشەیی بە هاووڵاتیانی بیانی دەبەخشێت، کە زۆرجار وەک قۆناغی سەرەتایی بۆ بەدەستهێنانی ڕەگەزنامەی ئەمەریکی هەژمار دەکرێت، ئەم پرۆگرامە بەپێی یاسای کۆچی ساڵی 1990 دامەزرا و لە ساڵی 1995ـەوە بە فەرمی دەستی پێکرد، مەرجی سەرەکی بەشداریکردن تێیدا ئەوە بوو کە داواکار تەمەنی لە 18 ساڵ کەمتر نەبێت، بڕوانامەی ئامادەیی هەبێت و خاوەن ئەزموونی کارکردن بێت، ئەم پرۆگرامە تەنیا ئەو کەسانەی دەگرتەوە کە بۆ مەبەستی کار یان پێوەندی خێزانی دەچوونە ئەمەریکا و پەنابەران یان داواکارانی مافی پەنابەری تێدا بەشدار نەدەبوون.

 
 
Fly Erbil Advertisment | فلاي اربيل