پلاندانانی عێراق: 910 هەزار ئافرەتی عێراقی لە بازاڕ و شوێنە گشتییەکان کار دەکەن

کارکردنی ئافرەتان لە بازاڕ و شوێنە گشتییەکان خەریکە لە حاڵەتێکی ئاساییەوە دەبێتە دیاردەیەکی مەترسیدار، چونکە زۆرینەی ئەو ئافرەتانەی کار دەکەن ناچارن و بەهۆی هەژارییەوە کار دەکەن و زۆر جار ڕووبەڕووی تانە و گێچەڵ دەبنەوە لە شەقام و شوێنە گشتییەکان.

بە گوێرەی ئامارێکی وەزارەتی پلاندانانی عێراق، ئەو ئافرەتانەی کار دەکەن لە عێراق هیچ هاوکارییەکی دارایی لە حکوومەت وەرناگرن.

نوور، ئافرەتێکی تەمەن 40 ساڵە، خاوەن پێنج منداڵە و کار دەکات، بە کوردستان24ی گوت،"مووچەی چاودێری کۆمەڵایەتی بەشم ناکات و ناچارم لە مارکێتێک بە 400 هەزار کار بکەم.  پێویستە حکوومەت ئەو پارەیە بە گوێرەی ژمارەی  ئەندامانی خێزانەکە دابین بکات، من پێنج منداڵی قوتابیم هەیە و کرێی خانوو گرانە، پارەی موەلیدە و ئاو و کرێی خانوو  و ئینتەرنێت دەبێت بدەم."

دایکی ئەحمەد، دانیشتووێکی دیکەی بەغدایە و گوتی:  ئافرەتمان هەیە لەسەر شەقام سواڵ دەکات و زۆر جار بەهۆی بێپارەیی ڕوو لە دزی دەکەن و پێویستە حکوومەت چارەسەریان بۆ بدۆزێتەوە.

وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی عێراق ڕایگەیاند، نزیکەی نیو ملیۆن ئافرەت کە ئەرکی بەخێوکردنی منداڵیان لە ئەستۆدایە،  مووچەی چاودێریی کۆمەڵایەتی وەردەگرن، بەڵام بەهۆی بەرزیی ڕێژەکە حکوومەت نەیتوانیوە مووچەی تەواوی ئەو ئافرەتانە دابین بکات و ڕێکخراوەکانی مافی ئافرەتانیش لەوە نیگەرانن کە حکوومەتی عێراق دادپەروەر نییە لە دابەشکردنی ئەو مووچەیە.

زینە قەرەغولی، چالاکوانێکی کۆمەڵگەی مەدەنی بە کوردستان24ی ڕاگەیاند، "دەبێت هەموو ئەو ئافرەتانەی ئەرکی خێزانیان لە ئەستۆیە، مووچەی چاودێری کۆمەڵایەتییان هەبێت و بە پرۆژەی بچووک هاوکاری بکرێن."

ڕێژەی هەژاری بۆ ساڵی 2025، بریتییە لە %17.5 لە کۆی ئەم ڕێژەیەش 7 %ی لە ڕەگەزی مێیینەن و لە هەموو لایەکەوە فشار خراوەتە سەر حکوومەتی عێراق، تاکو بۆ ساڵی داهاتوو پلانی باشتر دابنێن بۆ ئەوەی ڕێژەی هەژاری لەنێو ئافرەتان کەمتر بکەنەوە.

 
 
Fly Erbil Advertisment | فلاي اربيل