یەکێتی ئەورووپا تاوتوێی کەمکردنەوەی ئامانجی کەشوهەوای ساڵی 2040 دەکات

بڕیارە سبەی لووتکەی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ گۆڕانی کەشوهەوا COP30 لە بەرازیل بەڕێوەبچێت، لەلایەن خۆیەوە یەکێتی ئەورووپا پێشنیازێکی ئامادەکردووە بۆ زیادکردنی بڕگەی کەمکردنەوەی ئامانجی کەشوهەوای ساڵی 2040، کە تایبەتە بە دارستانەکانی وڵاتانی ئەندامی یەکێتییەکە.

وڵاتانی یەکێتی ئەورووپا هەوڵدەدەن سبەی سێشەممە 44ـی تشرینی دووەمی 2025، لە کۆبوونەوەی وەزیرانی ژینگە، ڕەزامەندی لەسەر ئامانجی نوێی کەشوهەوای ساڵی 2040 بە دەست بێنن، ئەمەش کاتێکی گونجاوە بۆ ئەوەی ئورسۆلا ڤۆن دێر لاین، سەرۆکی کۆمیسیۆنی ئەورووپا، بە دەستی بەتاڵ نەچێتە لووتکەی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ گۆڕانی کەشوهەوا COP30 لەگەڵ سەرکردەکانی دیکەی جیهان لە 6ی تشرینی دووەمدا.

بەڵام لەگەڵ نیگەرانی هەندێک لە وڵاتانی یەکێتی ئەورووپا لەبارەی تێچووەکانی سەر بوارە ناوخۆییە لاوازەکان، یەکێتی ئەورووپا ژمارەیەک ئاسانکاری و بژاردە تاوتوێ دەکات بۆ کەمکردنەوەی ئامانجی کەشوهەوا کە کۆمیسیۆن ڕایگەیاندبوو، دەبێت ڕێژەی گازە گەرمکەرەکان تا ساڵی 2040 بە ڕێژەی 90% کەم بکرێتەوە.

دوایین پڕۆژەی وڵاتانی یەکێتی ئەورووپا، کە دەست ڕۆیتەرز کەوتووە، بڕگەیەکی نوێی تێدا بووە و تێیدا هاتووە: ئەگەر دارستانەکان و چالاکییەکانی دیکەی بەکارهێنانی زەوی کە دووانەئۆکسیدی کاربۆن هەڵدەمژن، ئاستێکی کەمتر لە گازی دووانەئۆکسیدی کاربۆن هەڵمژن، ئەوا ڕێگە بە یەکێتی ئەورووپا دەدرێت پێشنیازی هەموارکردنی ئامانجی  2040 بکات، ئەمەش لە کاتێکدا لە کۆتایی مانگی ڕابردوو نەتەوە یەکگرتووەکان ڕەخنەی توندی لە وڵاتانی یەکێتی ئەورووپا و چین گرتبوو بەوەی پابەندی ڕێکارەکانی چاکسازی و کەمکردنەوەی پیسکردنی ژینگە و بەرگەهەوا نەبوون.

پێشنیازەکەی ئەورووپا هەفتەی ڕابردوو کە لەلایەن فەرەنساوە پێشکەشی کراوە و ڕۆیتەرز بڵاوی کردووتەوە، کە داوای "وەستانێکی بە پەلە" بۆ کەمکردنەوەی ئاستی 90%،  بەڵام هەڵمژینی دووانەئۆکسیدی کاربۆن کە لەلایەن دارستانەکان و بوارەکانی  بەکارهێنانی زەوی لە ئەورووپا، لە دەیەی ڕابردوودا بە نزیکەی یەک لەسەر سێ کەمیکردووە، ئەمەش بەهۆی کۆمەڵە هۆکارێکەوە لەنێوانیاندا ئاگرکەوتنەوە لە دارستانەکان و بەڕێوەبردنی ناتەندروستی دارستانەکان.

بە گوێرەی ئەو کارنامەیەی بڵاوکراوەتەوە، وەزیرانی ژینگەی یەکێتیی ئەورووپا دەبێت سێشەممەی داهاتوو گفتوگۆ لەسەر پرسە سەرەکییەکان بکەن، لەوانە پشکی هەر یەکێک لە کەمکردنەوەی 90%ی گازەکان هەروەها پشتگیری لانیکەم 15 لە 27 وڵاتی ئەندامی یەکێتی ئەورووپا پێویستە بۆ پەسەندکردنی ئامانجەکە.

 
Fly Erbil Advertisment