ژمارەیەک حزبی کەرکووک دەنگدەرانیان بۆ دەنگدان سەرپشک کردووە
ژمارەیەک لایەنی سیاسی لە پارێزگای کەرکووک بڕیاری بەشدارینەکردنیان لە هەڵبژاردنی ئەمجارەی پەرلەمانی عێراق داوە. ئەوان هیچ لیست و هاوپەیمانێتییەکیان نییە، بەڵام بۆ ئەوەی دەنگی لایەنگرەکانیان بەهەدەر نەڕوات، بڕیاری سەرپشککردنی ئەندام و لایەنگرانیان دا. پێیان ڕاگەیاندوون ئازادن دەنگ بە کام لایەن و کێ دەدەن، بەڵام گرنگە لیست و لایەنێک هەڵبژێرن خزمەت بەو شارە بکات.
بزوتنەوەی گۆڕان یەکێک لەو هێزە سیاسییانەیە خاوەن نزیکەی پێنج هەزار دەنگدەرە لە کەرکووک. بۆ ئەم هەڵبژاردنە هیچ لیست و هاوپەیمانییەکیان نییە، بەڵام دەنگدەرانیان سەرپشک کردووە.
عەزیز ئەحمەد، باژێروانی بزوتنەوەی گۆڕان لە کەرکووک، دەڵێت "هاوکاریی هاووڵاتییانی کورد دەبین بۆ ئەوەی لە کەرکووک دەنگەکانیان بدەن. هەروەها دەنگ دەدەین بە لیستە کوردستانییەکان. لەناو لیستە کوردستانییەکانیشدا دەنگمان بۆ ئەوانەیە خەمی پرسی کوردبوونی شارەکە و پاراستنی نەتەوەیی و نیشتمانیی کەرکووکیان داوە. هەروەها کاریان کردووە بۆ گەڕاندنەوەی کەرکووک و ناوچە دابڕاوەکان بۆ سەر هەرێمی کوردستان."
تەنها لایەنە کوردییەکان ئەم بڕیارەیان نەداوە، بەڵکو ئەو تورکمانانەش باوەڕیان بە کوردستانیبوونی کەرکووک هەیە، داوا لە دەنگدەرانیان دەکەن دەنگیان بۆ کورد بێت. عیرفان کەرکووکی، سەرۆکی پارتی گەلی تورکمانی، ڕایگەیاند "بە تێکڕای دەنگ لەلایەن مەکتەبی سیاسی حزبەکە و سەرۆکی پارتی گەلی تورکمان، بڕیارمان داوە دەنگ بدەین بە لیستی 275ی پارتی دیموکراتی کوردستان."
پارتی لە ڕێگەی پەیوەندییەکانییەوە لەگەڵ ئەو لایەنانە لیستیان نییە، کەوتوونەتە جموجۆڵ و هەوڵی بەدەستهێنانی دەنگەکانیان دەدەن.
محەممەد کەمال، بەرپرسی لقی سێی پارتی لە کەرکووک، دەڵێت "داوا لەو لایەنانە دەکەین هیچ لیست و هاوپەیمانێتییەکیان نییە، خۆیان و لایەنگرانیان ڕوو بکەنە بنکەکانی دەنگدان و دەنگ بدەن بە لیستی 275ی پارتی. پارتی نوێنەرەکانی بۆ ئەوە دەنێرێتە بەغدا داکۆکی لە مافەکانی کورد بکەن. هەروەها بەرگری لە خەڵکی شاری کەرکووک و کوردبوونی ئەم شارە بکەن."
بۆ ئەم هەڵبژاردنە دۆخەکە جیاوازە، کورد چاوی لەوەیە زیاتر لە نیوەی کورسییەکانی کەرکووک بەدەست بهێنێت، بەتایبەت پارتی چاوی لە سێ کورسی پەرلەمانی عێراقە. لە پارێزگای کەرکووک، کورد نزیکەی 300 هەزار دەنگی هەیە لە هەڵبژاردنەکان، بەڵام بەهۆی ئەوەی بە چەندین لیست دەچنە هەڵبژاردنەکان، بۆیە هیچ کات ناتوانن لە نیوە زیاتری کورسییەکانی شارەکە بەدەست بهێنن.
