کار بۆ داشکاندنی قەرزی پێشینەکانی کەسوکاری شەهیدان دەکرێت
داشکاندن لە قەرزی پێشینەی خانووبەرە بۆ کەسوکاری شەهیدان لە ئیدارەی سۆرانی سەربەخۆ چاوەڕێی بڕیاری ئەنجوومەنی وەزیرانە.
ئەمڕۆ چوارشەممە، 5ـی تشرینی دووەمی 2025، کەریم کاوە، بەڕێوەبەری گشتیی کاروباری شەهیدان و ئەنفالکراوان لە ئیدارەی سەربەخۆی سۆران، تایبەت بە ماڵپەڕی کوردستان24ـی ڕایگەیاند کە داواکارییەک بۆ لێخۆشبوون یان داشکاندنی قەرزی پێشینەی خانووبەرە و سندوقی نیشتەجێبوون بۆ کەسوکاری شەهیدان ئامادەکراوە و بۆ بڕیاردان ئاراستەی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان دەکرێت.
بەڕێوەبەری گشتیی کاروباری شەهیدان و ئەنفالکراوانی سۆران گوتی: "ئێمە وەک ئیدارەی سەربەخۆی سۆران، لیستی ناوی ئەو کەسوکاری شەهیدانەمان ئامادەکردووە کە پێشتر سوودمەندبوون لە پێشینەی خانووبەرە (سلفەی عەقاری) و قەرزەکانی سندوقی نیشتەجێبوون. ئەم لیستە بەرزدەکرێتەوە بۆ وەزارەتی کاروباری شەهیدان و ئەنفالکراوان، و دواتر لەگەڵ لیستی پارێزگاکانی تردا دەخرێتە بەردەم ئەنجوومەنی وەزیران."
ئاماژەی بەوەشکرد، ئەنجوومەنی وەزیران دوای تاوتوێکردن و لەبەرچاوگرتنی داتا و زانیارییەکان، بڕیاری کۆتایی دەدات لەسەر ڕێژە و چۆنیەتی داشکاندنەکە.
کەریم کاوە ئاشکرایکرد، تا ئێستا لە سنووری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران، دوو هەزار و 100 کەس فۆڕمی زانیارییان پڕکردووەتەوە کە بریتین لە؛ کوڕ و کچی شەهید، خوشک و برای شەهید، دایک و باوکی شەهید، هاوسەری شەهید و بەرکەوتەی چەکی کیمیایی. هەروەها پرۆسەی ناوتۆمارکردنەکەش هێشتا بەردەوامە و ئەو کەسانەی سوودمەندبوون لەو قەرزانە دەتوانن سەردانی بەڕێوەبەرایەتییەکانیان بکەن.
بەگوێرەی زانیارییەکان، کۆی گشتی ئەو قەرزانەی کە لە ئەستۆی کەسوکاری شەهیدان و ئەنفالکراوانە لە سنووری ئیدارەی سۆران، نزیکەی 25 ملیار و 881 ملیۆن دیناری عێراقییە. ئەم بڕە، پاشماوەی ئەو قەرزانەیە کە پێشتر وەریانگرتووە و بەشێکیان لێ داوەتەوە.
ئەم هەنگاوە توێژە جیاوازەکانی وەک کەسوکاری شەهیدانی سەنگەر، قوربانیانی ئەنفال، زیندانیانی سیاسی و بەرکەوتوانی چەکی کیمیایی- خودی خۆیان دەگرێتەوە. شایەنی باسە حکوومەتی هەرێمی کوردستان پێشتریش هەنگاوی ناوە بۆ لێخۆشبوون لە پێشینەی هاوسەرگیری بۆ هەمان توێژەکان.
