هەرکەسێک کارتی نیشتمانی نەبێت بەشە خۆراکەکەی ڕادەگیرێت
بەڕێوەبەری پسوولەی خۆراکی هەولێر ڕایگەیاند، بە دڵنیایەوە بڕیاری ڕاگرتنی پسوولەی خۆراک لە ساڵی 2026ـەوە لە هەرێمی کوردستان جێبەجێ دەکرێت و هەرکەسێک کارتی نیشتمانی نەبێت بەشە خۆراکەکەی ڕادەگیرێت.
ئەمڕۆ چوارشەممە 5ـی تشرینی دووەمی 2025، سیامەند قادر نانەکەلی، بەڕێوەبەری پسوولەی خۆراکی هەولێر بە ماڵپەڕی کوردستان 24 گوت: بڕیاری ڕاگرتنی پسوولەی خۆراک هەرێمی کوردستان دەگرێتەوە, چونکە بڕیارەکە بە هەماهەنگی هەر دوو وەزارەتی بازرگانی عێراق و هەرێمی کوردستان دراوە، هەرچەندە تاوەکوو ئێستا جێبەجێکردنی بڕیارەکە بە سستی بەڕێوەچووە، بەڵام بە دڵنیاییەوە لە ساڵی داهاتوو بە تەواوی جێبەجێ دەکرێت.
ئەمەش لە کاتێکدایە ئەمڕۆ وەزارەتی بازرگانی عێراق، ڕایگەیاند: کارتی بەشە خۆراکی نزیکەی 500 کەسیان ڕاگرتووە ئاماژەی بەوەش دا، ڕاگرتنەکە ئەو کەسانەی دەگرێتەوە مەرجەکانی وەرگرتنی خۆراک و یارمەتییەکان نایانگرێتەوە، وەک 'گەشتیاران، کەسانی نادیار، کەسانی خاوەن داهاتی بەرز، و خاوەنی کۆمپانیاکان'، بەڵام ڕوونی نەکردووەتەوە مەبەست لە کەسانی نادیار کێیە.
لە بارەی کەسانی نادیار بەڕێوەبەری پسوولەی خۆراکی هەولێر بە کوردستان 24ـی گوت: مەبەست لە ناسنامە نادیارەکان، ئەو کەسانەن کارتی نیشتمانیان نییە، هاوکات ئەو کەسانەش کە بە ڕەگەز عێراقی نین بەڵام لە عێراق دەژین وەک ئاوارەکانی ئێران و سووریا کە پێشتر بە کارتی نشینگە ( ئیقامە) بەشە خۆراکیان پێ دراوە، بەم بڕیارە بەشە خۆراکەکانیان ڕادەگیرێت.
دەشڵێت: ئەو کەسانەی بە هۆی نەبوونی کارتی نیشتمانییەوە بەشە خۆراکەکەیان ڕادەگیرێت هەر کاتێک کارتی نیشتمانیان وەرگرت دەتوانن ڕێکاری تایبەت بۆ گەڕاندنەوەی بەشە خۆراکەکانیان بگرنەبەر، بەڵام تاوەکوو کارتی نیشتمانی دەرنەهێنن بەشە خۆراکەکەیان بە ڕاگیراوی دەمێنێتەوە.
سیامەند قادر، ئاماژەی بەوەش دا، ئەگەر کەسێک بە هەڵە پسوولەی خۆراکەکەی ڕابگیرێت ئەوا دەتوانێت سەردانی فەرمانگەی پەیوەندیدار بکات و تا بۆی بگەڕێننەوە بە مەرجێک تەواوی پێداویستییەکان پێشکەش بکات بەتایبەت کارتی نیشتمانی و پسوولەی خۆراکی پێشتر.
بە پێی یاسای عێراقی هەرکەسێک خاوەنی کارتی نیشتمانی بێت و دانیشتووی عێراق بێت مافی وەرگرتنی بەشە خۆراکی هەیە بە مەرجێک لەو چوار توێژەی سەرەوە نەبێت کە وەزارەتی بازرگانی ئاماژەی پێ داوە
