ئەمەریکا فڕۆکەی جەنگیی F-35 بە سعوودیە دەفرۆشێت
ئیدارەی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا لە داواکارییەکی شانیشنی سعوودیە دەکۆڵێتەوە بۆ کڕینی نزیکەی 48 فڕۆکەی جەنگی جۆری F-35، کە گرێبەستێکی چەند ملیار دۆلارییە و بەربەستێکی سەرەکی لە وەزارەتی جەنگی ئەمەریکا (پێنتاگۆن) تێپەڕاندووە.
چوارشەممە، 5ـی تشرینی دووەم 2025، ئاژانسی هەواڵی ڕۆیتەرز، لە زاری سەرچاوەیەکی ئاگەدارەوە بڵاوی کردووەتەوە "سعوودیە لە سەرەتای ئەمساڵدا ڕاستەوخۆ بە سەرۆکی ئەمەریکا، دۆناڵد ترەمپی ڕاگەیاندووە کە ماوەیەکی زۆرە ئارەزووی کڕینی فڕۆکەی F-35 هەیە."
سەرچاوەکە، بە ڕۆیتەرزی ڕاگەیاندووە "گرێبەستی فرۆشتنی ئەو فڕۆکانە، لە قۆناغەکانی پەسەندکردندایە بەڵام هێشتا بڕیاری کۆتاییان لەبارەوە نەدراوە. بەشی سیاسەتی پێنتاگۆن بۆ ماوەی چەند مانگێک کاری لەسەر ئەم گرێبەستە کردووە و ئێستا کەیسەکە گەیشتووەتە بەر دەستی وەزیری جەنگ.
فرۆشتنی ئەم فڕۆکە پێشکەوتووانە، دەبێتە گۆڕانێکی بەرچاو لە سیاسەتی ئەمەریکادا، کە ئەگەری هەیە هاوسەنگیی سەربازی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا بگۆڕێت و پێناسەی واشنتۆن بۆ پاراستنی "سەروەریی سەربازیی جۆریی" ئیسرائیل بخاتە ژێر پرسیارەوە.
گوتەبێژێکی کۆمپانیای لۆکهید مارتن، کە فڕۆکەی F-35دروست دەکات، لە وەڵامی پەیامنێری ڕۆیتەرز ، سەبارەت بە فرۆشتنی ئەو جۆرە فڕۆکەیە بە سعوودیە، ڕایگەیاند "فرۆشتنی چەکی سەربازی گرێبەستی نێوان حکوومەتەکانە و باشترە واشنتۆن وەڵامی ئەم بابەتە بداتەوە."
واشنتۆن، فرۆشتنی چەک بە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە شێوەیەک هەڵدەسەنگێنێت کە دڵنیایی بدات لەوەی ئیسرائیل "سەروەریی سەربازیی جۆریی" خۆی دەپارێزێت. ئەمەش ئەوە مسۆگەر دەکات کە ئیسرائیل لە ئەگەری فرۆشتنی ئەو فڕۆکانەدا بە سعوودیە، چەکی پێشکەوتووتری ئەمەریکی بەدەست دەهێنێت.
فڕۆکەی F-35، کە بە تەکنەلۆجیای خۆدزینەوە لە ڕادار (ستێڵس) دروست کراوە و بە پێشکەوتووترین فڕۆکەی جەنگی لە جیهاندا دادەنرێت. ئیسرائیل نزیکەی دەیەیەکە ئەم فڕۆکەیە بەکار دەهێنێت و تاکە وڵاتی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستە کە خاوەنی ئەم جۆرە فڕۆکەیەیە.
شانشینی سعوودیە، کە گەورەترین کڕیاری چەکی ئەمەریکییە، ساڵانێکە هەوڵی بەدەستهێنانی ئەم فڕۆکە جەنگییە دەدات و دەیەوێت هێزی ئاسمانیی خۆی نۆژەن بکاتەوە و ڕووبەڕووی هەڕەشە هەرێمییەکان ببێتەوە، بەتایبەتی لەلایەن ئێرانەوە.
ئیدارەی ترەمپ، ئامادەیی خۆی نیشان داوە بۆ پتەوکردنی هاوکاریی بەرگریی لەگەڵ ڕیاز. هێزی ئاسمانیی سعوودیە تێکەڵەیەک لە فڕۆکەی جەنگی بەکار دەهێنێت لەوانە F-15ی کۆمپانیای بۆینگ (BA.N) و فڕۆکە ئەوروپییەکانی جۆری تۆرنادۆ و تایفون.
محەممەد بن سەلمان، شازادەی جێنشین، دەیەوێت نوژەنکردنەوەی هێزی ئاسمانیی وڵاتەکەی وەک بەشێک لە پلانە گشتگیرەکەی بۆ گۆڕانی هەمەلایەنەی شانشینەکە نیشان بدات و هەوڵی داوە هاوبەشییەکانی بواری بەرگریی خۆی بەهێزتر بکات. لە هەمانکاتدا پارێزگاری لە پەیوەندییە ئەمنییە دەیان ساڵەییەکەی لەگەڵ واشنتۆن بکات.
