ڕۆژنامەیەک: ئەمەریکا بەر لە هەڵبژاردن فشاری زیاتر لە عێراق دەکات
ڕۆژنامەی تاران تایمزی ئێرانی ڕاپۆرتێکی بڵاوکردەوە تێێدا هاتووە، ئەمەریکا گوشارەکانی بۆ سەر محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆک وەزیرانی عێراق زیاتر دەکات، بەتایبەتی دەربارەی پرسی گرووپە میلیشیاکانی عێراق، کە ئەمەش لە چوارچێوەی سیاسەتێکی ئەمەریکایە و ئامانج لێی تاقیکردنەوەی پێگەی سوودانی لاوازی حکوومەتەکەیەتی.
ڕۆژنامەکە ئاماژەی بەوەشکردووە، "داواکاریەکانی ئەم دواییەی ئەمەریکا بۆ هەڵوەشاندنەوەی گرووپە میلیشیاکان بە ڕێککەوت نییە، بەڵکو لە چوارچێوەی سیاسەت و فشاری واشنتنە، بۆ ئەوەی بزانێت تا چەند سوودانی دەتوانێت لە گرووپە میلیشیاکان دوور بکەوێتەوە."
ئاشکراشی کرد، "ئیدارەی ئەمەریکا کاتی هەڵبژاردنەکانی دیاریی کردووە بۆ فشارخستنە سەر سەرۆک وەزیرانی عێراق، ئەمەش لە کاتێکدایە سوودانی هەوڵدەدات حکوومەتێکی سەربەخۆتر دروست بکات کەمتر ملکەچی ئەمەریکا بێت."
ڕۆژنامەکە جەختیشی کردووەتەوە، "ئەم فشارانەی ئەمەریکا کاریگەریی پێچەوانەیان دەبێت، هەروەکوو سوودانی بە ئاژانسی هەواڵی ڕۆیتەرزی ڕاگەیاندبوو، چەکداناانی گرووپە چەکدارەکان بەستراوەتەوە بە کشانەوەی هێزەکانی ئەمەریکا، کە بڕیارە لە ئەیلوولی 2026 بەتەواوی بکشێنەوە، ئەم وەڵامەی سوودانی دژی فشارەکانی ئەمەریکا بوو."
ئەم فشارانە لەکاتێکدایە بریارە 11-11 هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی عێراق بەڕێوەبچێت و سوودانیش چاوی لەوەیە بۆ خولی داهاتوو ببێتەوە سەرۆک وەزیران، بەڵام ئەگەری کەمە.
