مەسرور بارزانی: پرسی مووچە بە سیاسی کراوە
سەرۆک وەزیران دووپاتی دەکاتەوە، هەموو پابەندییەکانیان لەبارەی مووچە جێبەجێ کردووە "بەڵام بەداخەوە بابەتەکە بە سیاسی کراوە." هاوکات جەخت لە خزمەتکردنی هاووڵاتییانی کوردستان دەکاتەوە.
ئەمڕۆ پێنجشەممە، 06ـی تشرینی دووەمی 2025، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، ماستەرپلانی دوینی بەسەر کردەوە و لە لێدوانێکی ڕۆژنامەوانیدا؛ باسی لە گرنگیی پڕۆژەکە، مووچەی فەرمانبەران و کار و چالاکییەکانی حکوومەتی کرد.
گرنگیی ماستەرپلانی دوین
سەرۆک وەزیران مەسرور بارزانی دووپاتی کردەوە، "ماستەرپلانی دوین لە هەموو ڕووێکەوە گرنگی و تایبەتمەندی خۆی هەیە،" بەتایبەتی لە ڕووی بایەخدان بە شوێنەوارە مێژوویی و گەشتیارییەکانی ناوچەکە.
بەنداوی دوین، کە بەشێکە لەم ماستەرپلانە، بە گوتەی مەسرور بارزانی "کاریگەرییەکی باشی لەسەر ژینگە دەبێت و ڕۆڵێکی گرنگی لە گلدانەوەی ئاودا دەبێت."
حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە چوارچێوەی کابینەی نۆیەمدا، گرنگییەکی زۆری بە دروستکردنی بەنداو و پۆندەکان داوە بۆ پەرەپێدانی کەرتی کشتوکاڵ و سامانی ئاو.
بەردەوامیی خزمەتکردنی هاووڵاتییان
لەکۆتایی لێدوانەکەیدا، مەسرور بارزانی دووپاتی کردەوە، خزمەتکردنی خەڵکی کوردستان ئامانجی سەرەکییەتی و فەرمانڕەوایی بە ئەرکی خۆی دەزانێت نەک منەتکردن. گوتی: "خزمەتی خەڵکی کوردستان بە ئەمانەتەوە، ئامانجی منە و منەتیشم نەکردووە، بە ئەرکی خۆمی دەزانم. ئیشی من خزمەتکردنە و با ئیشی (نەیارانیش) قسەکردن بێت."
مووچەی فەرمانبەرانی کوردستان
لەبارەی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان، سەرۆک وەزیران مەسرور بارزانی گوتی "بەداخەوە، بەڵام بابەتی مووچە بە سیاسیی کراوە. ئەمە چەندین جارە و هەمیشەش گوتوومانە، حکوومەتی هەرێم هەموو ئیلتیزاماتی خۆی جێبەجێ کردووە؛ هەرچی پێویست بووبێت، بە زیادەشەوە کردوومانە. چاوەڕێ ئەوە بووین حکوومەتی فیدراڵیش لە ئاستی بەرپرسیارەتی لەگەڵ هەرێمی کوردستان ڕەفتار بکات، بەڵام بەداخەوە هەموو کاتێک پێدانی مووچە دوادەخات."
سەرۆکی حکوومەت دووپاتی کردەوە "بەردەوام دەبین، بزانین ئەگەر توانیمان لە ماوەیەکی کەم مووچەی مانگەکانی داهاتووش وەربگرینەوە. زیاتر بەرپرسیارێتییەکە دەکەوێتە سەر شانی بەغدا و من داوا دەکەم، ئەو کەسانەی کە زۆر جار گلەییش دەکەن، با ڕووی گلەییەکانیان لە بەغدا بێت."
پێکهێنانی حکوومەتی داهاتووی عێڕاق
لەبارەی پێکهێنانی حکوومەتی داهاتووی عێراق، سەرۆک وەزیران گوتی: "دەبێت چاوەڕێی ئەنجامی هەڵبژاردنەکان بکەین. ئەنجامی هەڵبژاردنەکان بڕیار لە پێکهێنانی حکومەتی داهاتووی عێراق دەدات."
