ئەمەریکا پێشنیازێکی نوێ دەداتە حەماس
ئەمەریکا، پێشنیازی بۆ بزووتنەوەی حەماس کردووە، ئەو 200 چەکدارەی لە نێو تونێلەکانی ڕەفەح ماونەتەوە خۆیان ڕادەست بکەن، چەکەکانیشیان ڕادەستی لایەنی سێیەم بکەن (تورکیا، میسر و قەتەر)، لە بەرانبەردا ئیسرائیل لێبووردنیان بۆ دەردەکات، بەو مەرجەی نەگەڕێنەوە چالاکیی چەکداری.
میدیاکانی ئیسرائیل لە زاری چەند بەرپرسێکی ئەمەریکاوە بڵاویان کردووەتەوە، کە واشنتن مانەوەی چەکدارانی حەماس لە ناو تونێلەکانی ڕەفەحدا بەهەڕەشە بۆ سەر ڕێککەوتنی ئاشتی کەرتی غەززە دەزانێت، بۆیە پێویستە ئەو چەکدارانەی حەماس کە لەناو تونێلەکانی ڕەفەحدان چەکەکانیان ڕادەست بکەن و جارێکی دیکەش نەگەڕێنەوە چالاکییە سەربازییەکانیان.
بەرپرسانی ئەمەریکا دەشڵێن: ئیدارەی ترەمپ ئەم بابەتەی لەگەڵ ئیسرائیل باسکردووە، کەسەرەتا پلانەکە لە ڕەفەح دەستپێبکەن و دواتریش بەسەر ناوچەکانی دیکەی غەززە بسەپێنن و حەماس بەتەواوی چەکدابنێت.
دوای شەڕی دوو ساڵەی نێوانیان، ئیسرائیل بابەتی دانانی چەک لە لایەن حەماسەوە بە هەنگاوێکی سەرەتایی و گرنگ دەزانێت و پێداگیرە لەوەی حەماس کەرتی غەززە جێبهێڵێت.
یسرائیل کاتس وەزیری بەرگری ئیسرائیل، پێشتر ڕایگەیاندبوو، چەکداماڵینی حەماس کڕۆکی بابەتەکەیە، ئاماژەی بەوەشکردووە، تونێلەکانی حەماس تاوەکوو ئێستا وەکو خۆیان ماونەتەوە، ئەمەش وایکردووە حەماس تواناکانی وەک خۆی بمێنێتەوە، هەروەها ئەو تونێلانە بەردەوام هەڕەشەبوونە بۆ گیانی هاووڵاتیان و خاکەکەمان، بۆیە دەبێت ئیسرائیل کۆتایی بەو تونێلانە بهێنێت.
وەزیرە ئیسرائیلییەکە باسی لەوەشکردوە، بابەتی چەک دانان تەنیا حەماس ناگرێتەوە، بەڵکو هەموو ئەو گرووپ و لایەنانەش دەگرێتەوە کە لە حەماس جیابوونەتەوە، بۆیە دەبێت کەرتی غەززە بە تەواوی لە چەکدار پاک بکرێتەوە.
لە بارەی تونێلەکانەوە زانیاری زیاتری ئاشکراکردووە، دەڵێت، نزیکەی هەزار و 300 تونێل بە درێژایی 500 کیلۆمەتر هەیە، کە هەندێکیان قووڵیان حەوت مەتر دەبێت، بۆیە تەقاندنەوە و لە ناوبردنیان کارێکی ئاسان نییە و پێویستی بە ئامێری پێشکەوتوو هەیە.
بە گوێرەی ڕاپۆرتە ئیسرائیلییەکان، لە دوایین هەوڵی سوپای ئیسرائیل بۆ گەڕان و پشکنین لە بەشێکی ئەو تونێلانەدا، ڕۆبۆتی زیرەکیان بەکارهێناوە، هەروەها ڕێکخراوی هەواڵگریی ئاسمانی ئیسرائیل توانیویەتی نەخشەی تەواوی تونێلەکان بکێشێت و ئاشکرایان بکات.
بەرەبەیانی ڕۆژی پێنجشەممە، 9ـی تشرینی یەکەمی 2025، ئیسرائیل و حەماس واژۆیان لەسەر سەرجەم بەند و خاڵەکانی قۆناغی یەکەمی ڕێککەوتنی غەززە کرد، کە بریتین لە ڕاگرتنی شەڕ و ئازادکردنی بارمتە ئیسرائیلییەکان و زیندانییە فەڵەستینییەکان و گەیاندنی هاوکارییەکان بۆ غەززە و کشانەوەی سوپای ئیسرائیل لە غەززە.
هەروەها ڕۆژی دووشەممە، 13ـی تشرینی یەکەمی 2025، لووتکەی شەرم شێخ لە میسر بە ئامادەبوونی زیاتر لە 20 سەرکردەی وڵاتان بۆ ئاشتیی غەززە بەڕێوە چوو، کە هەر یەک لە ئەمەریکا، میسر، قەتەر و تورکیا ئاگربەستی غەززەیان واژۆ و کرد و دڵنیاییان لە جێبەجێکردنی ئاگربەستەکە دا.
