زیاتر لە سێ ملیۆن دەنگدەر لە هەرێمی کوردستان مافی دەنگدانیان هەیە
ئەمڕۆ پێنجشەممە، 6ـی تشرینی دووەمی 2025، کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق ڕایگەیاند، دەستیان کردووە بە ئامادەکردنی قوتابخانەکان بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق، ئاماژەی بەوەشکردووە، لە دوو ڕۆژی داهاتوودا سەرجەم ناوەندەکانی خوێندن بە تەواوی ئامادە دەکرێن.
ژمارەی دەنگدەران لە هەرێمی کوردستان و عێراق
نەبەرد عومەر، بەرپرسی دەستەی هەڵبژاردنەکانی هەرێمی کوردستان لە کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق، بە دەزگاکانی ڕاگەیاندنی ڕاگەیاند، "لە کۆی 21 ملیۆن و 404 هەزار و 291 دەنگدەر لەسەرانسەری عێراق، سێ ملیۆن و 69 هەزار دەنگدەر لە هەرێمی کوردستان هەن، کە 224 هەزار و 333 کەس لە دەنگدانی تایبەتن.
بنکەی دەنگدان
نەبەر عومەر گوتیشی: لەهەرێمی کوردستان، هەزار و 312 بنکەی دەنگدان هەیە، کە پێنج هەزار و 599 وێستگەی دەنگدان لە خۆدەگرێت، کە لەهەولێر دوو هەزار و 23 وێستگەی دەنگدان هەیە بەسەر 528 بنکەی دەنگدان دابەشکراون. لە سلێمانی دوو هەزار و 200 وێستگەی دەنگدان هەی بەسەر 506 بنکە دابەشکراون و لە دهۆکیش هەزار و 396 وێستگەی دەنگدان هەیە و بەسە 278 بنکە دابەش کراوە.
ئاماژەی بەوەشدا، 204 بنکەی دەنگدانی تایبەت هەیە کە 958 وێستگەی لەخۆگرتووە، بەم شێوەیە دابەشکراون: 79 بنکە و 385 وێستگە لە هەولێر، 82 بنکە و 378 وێستگە لە سلێمانی، و 43 بنکە و 195 وێستگە لە دهۆک.
کارتی بایۆمەتری
لەبارەی کارتی دەنگدانی بایۆمەتریش بەرپرسەکەی کۆمیسیۆن گوتی: "لە 25ـی ئادارەوە تا 22ـی حوزەیران، 173 بنکەی نوێکردنەوەی داتای بایۆمەتری کراونەتەوە، کە 53 بنکەیان لە هەولێر و 79 لە سلێمانی و 41 لە دهۆک بوو، هەروەها نزیکەی 388 هەزار دەنگدەر سەردانیان ئەو بنکانەیان کردووە، دەشڵێت: دابەشکردنی کارتی بایۆمەتری تا ڕۆژی هەڵبژاردن بەردەوام دەبێت."
ڕووماڵی میدیایی
نەبەرد عومەر جەختیشیکردەوە، کۆمیسیۆن 42 بنکەی دەنگدانی لە هەرێم تەرخانکردووە بۆ ڕووماڵی میدیایی پرۆسەی دەنگدانی گشتی و تایبەت کە 15یان لە هەولێر و 18 لە سلێمانی و 9 بنکەش لە دهۆک، ئاماژەی بەوەشکرد 10 لەو بنکانە تایبەت بە ڕووماڵکردنی دەنگدانی تایبەت تەرخانکراون.
ژمارەی کاندیدان بۆ هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمان
پێنجشەممە، 6ـی تشرینی دووەمی 2025، جومانە غەلای، گوتەبێژی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق ڕایگەیاند، حەوت هەزار و 744 کاندید کێبڕکێ لەسەر 329 کورسی پەرلەمان دەکەن، هەروەها 848 کاندیدیش لە هەڵبژاردن دوورخراونەتەوە.
لە 11ـی تشرینی دووەمی 2025 پرۆسەی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی عێراق بەڕێوەدەچێت، کە نزیکەی 30 ملیۆن کەس لە کۆی 46 ملیۆن کەس مافی دەنگدانیان هەیە. هەروەها نزیکەی حەوت ملیۆن کەس کارتی دەنگدانیان نوێ نەکردووەتەوە بۆیە ناتوانن بەشداری هەڵبژاردن بکەن.
