سەرۆکی حکوومەت ماستەرپلانی پڕۆژەی بەنداوی دوین و نۆژەنکردنەوەی قەڵای دوینی بەسەر کردەوە

مەسرور بارزانی "حکوومەتی هەرێم هەموو پابەندییەکانی خۆی بەزیادەوە جێبەجێ کردووە"

ئەمڕۆ پێنجشەممە، 6ـی تشرینی دووەمی 2025، مەسرور بارزانی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ، ماستەرپلانی پڕۆژەی بەنداوی دوین-ی بەسەر کردەوە کە ئێستا لە دروستکردندایە.

بەنداوی دوین کە 40 کیلۆمەتر لە باکووری شاری هەولێرەوە دوورە، ساڵی ڕابردوو لەلایەن سەرۆکی حکوومەتەوە بەردی بناخەکەی دانرا کە توانای گلدانەوەی 100 ملیۆن مەتر سێجا ئاوی هەیە.

سەرۆکی حکوومەت لە لێدوانێکی ڕۆژنامەوانیدا ئاماژەی بە گرنگیی پڕۆژەکە کرد وەکوو بەنداوێکی مامناوەند کە کاریگەرییەکی باشی لە ڕووی ژینگەیی و کەشوهەوای ناوچەکە و ڕۆڵێکی گرنگی لە گلدانەوەی ئاو و بەکارهێنانی لە بواری کشتوکاڵی و گەشتیاریی دەبێت و هەلی کاریش بۆ خەڵکی ناوچەکە دروست دەکات.

پاشان سەرۆکی حکوومەت نۆژەنکردنەوەی قەڵای دوین-ی بەسەر کردەوە کە شوێنەوارێکی گرنگ و گەشتیاریی ناوچەکەیە .

سەرۆکی حکوومەت لەبارەی گرنگی قەڵاکەوە گوتی: ئەمە شوێنێکی مێژوویی و گەشتیاری ئێمەیە و پێویستە خەڵکی ئێمە بزانێت کە ناوچەکە بە چ سەردەمێک تێپەڕیوە کە قەڵای سەلاحەددین ئەییوبییە کە لە چەند سەردەمێکدا نۆژەنکراوەتەوە و ئێستاش حکوومەتی هەرێمی کوردستان هەر لە سەر نەخشەی کۆنی خۆی نۆژەنی دەکاتەوە کە بەشێکە لە بەرنامەکانمان لە بواری گرنگیدان بە شوێنەوار و ناوچە گەشتیارییەکانمان.

هەروەها سەرۆکی حکوومەت لە لێدوانێکدا بۆ ڕاگەیاندن لەبارەی بابەتی مووچە و شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستانەوە گوتی ”بابەتی مووچە بە سیاسیی کراوە. ئەمە چەندین جارە و هەمیشەش گوتوومانە، حکوومەتی هەرێم هەموو پابەندییەکانی خۆی جێبەجێ کردووە؛ هەرچی پێویست بووبێت، بە زیادەشەوە کردوومانە. چاوەڕێ ئەوە بووین حکوومەتی فیدراڵیش لە ئاستی بەرپرسیارەتی لەگەڵ هەرێمی کوردستان ڕەفتار بکات، بەڵام بەداخەوە هەموو کاتێک پێدانی مووچە دوادەخات بەڵام بەردەوام دەبین، بزانین ئەگەر توانیمان لە ماوەیەکی کەم، مووچەی مانگەکانی داهاتووش وەربگرینەوە. بەرپرسیارێتییەکە زياتر دەکەوێتە سەر شانی بەغدا و من داوا دەکەم، ئەو کەسانەی کە زۆر جار گلەییش دەکەن، با ڕووی گلەییەکانیان لە بەغدا بێت“.

 
 
 
 
Fly Erbil Advertisment