کچە دیزاینەرێکی کورد بە یەکێک لە ئیلهامبەخشترین کەسایەتییەکانی جیهان دەستنیشان کرا
لارا دزەیی، دیزاینەری کورد، وەک یەکێک لە ئیلهامبەخشترین کەسایەتییەکانی جیهان بۆ ساڵی 2025 دەستنیشانکرا.
لارا دزەیی، دیزاینەری ناسراوی جلوبەرگی کوردی، لە دوو دەستکەوتی گرنگدا لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی، لەلایەن گۆڤاری بەناوبانگی ئەمریکی "گلادیس" (Gladys Magazine) وەک یەکێک لە "25 ئیلهامبەخشترین کەسایەتیی جیهان" بۆ ساڵی 2025 هەڵبژێردرا.
هاوکات، کەناڵی بی بی سی بەریتانی (BBC UK) لە بەرهەمێکی دۆکیومێنتاری-پۆدکاستدا، تیشک دەخاتە سەر ژیان و بەرهەمەکانی لارا دزەیی.
ئەم هەڵبژاردنەی گۆڤاری "گلادیس" دوای بەشدارییە سەرکەوتووەکەی لارا دزەیی دێت لە هەفتەی نمایشی جلوبەرگی میلان، کە لە لایەن کوردستان24ـەوە ڕووماڵ کرا و تێیدا ئەو کچە کوردە، بە دیزاینە تایبەتەکانی جلوبەرگی کوردی سەرنجی جیهانی مۆدەی بەلای خۆیدا ڕاکێشا.
دانانی ناوی لارا دزەیی لە ڕیزی کەسایەتییە ناسراوەکانی جیهان وەک نیکۆڵ کیدمان و دەیڤد بێکهام، ڕێزلێنانە لە کاریگەریی ئەو لە ناساندنی کولتووری کوردی لەسەر شانۆی نێودەوڵەتی.
هاوکات، دامەزراوەی میدیایی بەناوبانگی بەریتانی، بی بی سی، لە پۆدکاستێکی دۆکیومێنتاری 34 خولەکیدا، بە وردی باس لە گەشتی هونەری و پیشەگەریی لارا دزەیی دەکات. تیمی بی بی سی بۆ بەرهەمهێنانی ئەم پۆدکاستە سەردانی شاری میلانیان کردووە و چاوپێکەوتنێکی تایبەتیان لەگەڵدا کردووە، بۆ ئەوەی چیرۆکی تایبەتی و تێڕوانینی هونەریی خۆی بۆ بیسەران بگوازێتەوە.
کۆبوونەوەی ئەم دوو دەستکەوتە گرنگە لە یەک کاتدا، نەک هەر پێگەی لارا دزەیی وەک دیزاینەرێکی جیهانی بەهێزتر دەکات، بەڵکو ناوی کوردستانیش لە بواری داهێنان، مۆدە و ئیلهامبەخشیدا زیاتر دەدرەوشێنێتەوە.
