نەوت بەرانبەر چەک، نهێنیی داهاتە ونبووەکەی ئێران

داهاتی ڕاستەقینەی فرۆشی نەوتی ئێران گەیشتووەتە کەمترین ئاست لە سێ ساڵی ڕابردوودا؛ ئەوەش لەئەنجامی سزا و گەمارۆکانی نەتەوە یەکگرتووەکان، دابەزینی نرخی نەوت لە بازاڕەکانی جیهاندا، داشکاندنی گەورە بۆ کڕیاران و دانەوەی قەرزەکان بە شێوەی نانەختینەیی لە چوارچێوەی چەک و کاڵادا.

دوای ئەوەی وەزیری نەوتی حکوومەتەکەی مەسعوود پزیشکیان بانگەشەی ئەوەی کرد "دۆخی فرۆشتنی نەوتی ئێران زۆر باشە و ڕێژەی هەناردەکردن بە بەراورد بە ساڵی پار زیادی کردووە" دوێنێ، چوارشەممە، 5ی تشرینی دووەم 2025، هادیی قەوامی، جێگری سەرۆکی لیژنەی بەرنامە و بودجەی پەرلەمان ئەو بانگەشەیەی ڕەت کردەوە.

هادی قەوامی ڕایگەیاند "بەپێی بودجەی ساڵی 2025-2026، دەبوو لە بەشی داهاتی سەروەت و سامانە نەتەوەییەکان، بڕی 930 تریلیۆن تومەن بەدەست بهێنرێت، بەڵام لە شەش مانگی یەکەمی ئەمساڵدا تەنها 151 تریلیۆن تومەن بەدەست هاتووە."

قەوامی، هەروەها گوتی: دەبوو لە شەش مانگی یەکەمی ئەمساڵدا 474 هەزار ملیار لەو بڕە وەربگیرایە، بەڵام تەنها 32%ی بەدەست هاتووە و لەم بەشەدا زیاتر لە 322 تریلیۆن تومەن کورتهێنانمان هەیە."

چین، کڕیارە سەرەکییەکەی نەوتی ئێران

هەفتەی ڕابردوو ئاژانسی ڕۆیتەرز بڵاوی کردەوە کە ئەو داشکاندنەی کۆماری ئیسلامی بەهۆی گەمارۆکانی ئەمەریکاوە لەسەر هەر بەرمیلێک نەوت دەیدات بە چین، لە 3 دۆلارەوە لە مانگی نیسانی ئەمساڵدا بەرزبووەتەوە بۆ 6 دۆلار لە مانگی ئەیلوول و ئێستا هەر بەرمیلێک نەوتی ئێران بە داشکاندنی 8 بۆ 10 دۆلار بە چین دەفرۆشرێت.

جێگری سەرۆکی لیژنەی بەرنامە و بودجەی پەرلەمان، بە ئاماژەدان بە دابەزینی نرخی نەوتی ئێران و کەمبوونەوەی فرۆش، جەختی لەوە کردەوە "نرخی هەر بەرمیلێک نەوتی ئێران لە 71 دۆلارەوە لە ساڵی ڕابردوودا، ئەمڕۆ گەیشتووەتە 51 دۆلار، کە ئەم دابەزینە لە نرخدا دەرئەنجامی داشکاندنەکانە لە فرۆشتنی نەوتدا."

 بە لەبەرچاوگرتنی نرخی 61 دۆلار بۆ هەر بەرمیلێک نەوتی ئێران لەم ڕۆژانەی دواییەدا، وا دەردەکەوێت کە ئەم لێدوانانە، ڕاپۆرتەکەی هەفتەی پێشووی ڕۆیتەرز پشتڕاست دەکەنەوە سەبارەت بە داشکاندنی بەرچاوی دە دۆلاری لە هەر بەرمیلێکدا بۆ چین.

هادی قەوامی، دواتر سەبارەت بە لێدوانەکانی ئەم دواییەی وەزیری نەوت کە گوتبووی "دۆخی فرۆشتنی نەوت زۆر باشە." گوتی: ڕەنگە ڕێژەی هەناردەکردنی نەوت باش بێت، بەڵام گەڕانەوەی پارەی نەوت بۆ ناوخۆی وڵات باش نییە.

چەک، یان پارەی  نەختینە؟

ڕۆژی سێشەممەی ڕابردوو، کۆمپانیای 'درایاد گڵۆباڵ' لە نوێترین ڕاپۆرتی خۆیدا ئاشکرای کردبوو "بڕێکی زۆری پارەی فرۆشی نەوتی ئێران بە چین بە شێوەی چەک و کەرەستەی سەربازی دەگەڕێنرێتەوە بۆ ئێران و ئەو گروپە چەکدارانەی کە لەلایەن کۆماری ئیسلامییەوە لە ناوچەکەدا پشتیوانی دەکرێن؛ لە ئەنجامدا پارەی نەختینە ناچێتە سەر حیسابی بانکیی حکوومەتی ئێران."

داتاکان دەری دەخەن، حکوومەتەکەی مەسعود پزیشکیان بە گشتی، لە ماوەی شەش مانگی یەکەمی ئەمساڵدا لە بەدەستهێنانی داهات و دابینکردنی بودجەدا، لانیکەم یەک ملیۆن و 29 تریلیۆن تومەن کەمتر لە پێشبینییەکان داهاتی هەبووە و تا کۆتایی ساڵیش ئەگەری هەیە ئەم ژمارەیە دوو هێندە ببێتەوە. ئەگەر ڕێژەی کورتهێنانی بودجەی حکوومەت لە کۆتایی ساڵدا بگاتە دوو ملیۆن ملیار تومەن، ئەمە بەو مانایەیە کە حکومەتی کۆماری ئیسلامی تەنها 50%ی داهاتەکانی بودجەی بەدەست هێناوە.

گەمارۆی ئابووریی نوێ 

کۆی داتا فەرمییەکان، ڕاپۆرتە نێودەوڵەتییەکان و لێدوانی نوێنەرانی پەرلەمان دەری دەخەن کە بەپێچەوانەی بانگەشەی وەزیری نەوت، نەک هەر دۆخی فرۆشتن و گەڕانەوەی داهاتی نەوتی ئێران باشتر نەبووە، بەڵکو تێکەڵەیەک لە دابەزینی نرخی جیهانی، داشکاندنی گەورە بۆ کڕیارە ئاسیاییەکان و دانەوەی قەرزەکان بە شێوەی نانەختینەیی لە چوارچێوەی چەک و کاڵادا، بوونەتە هۆی ئەوەی داهاتی ڕاستەقینەی حکوومەت لە نەوت لە نیوەی یەکەمی ساڵدا بگاتە نزمترین ئاستی سێ ساڵی ڕابردوو.

 لە بارودۆخێکی وەهادا، نەک هەر ئاسۆی پڕکردنەوەی کورتهێنانی بودجە ناڕوونە، بەڵکو بەردەوامبوونی پشتبەستنی دارایی بە چین و بەکارهێنانی 'کەشتیی نەوتهەڵگری قاچاخ' لە هەناردەکردنی نەوتدا، دەتوانێت لە مانگەکانی داهاتوودا مەترسیی گەمارۆی لاوەکیی نوێ و کۆتوبەندی بانکیی زیاتر بۆ ئێران بەدوای خۆیدا بهێنێت.

 
 
 
 
 
Fly Erbil Advertisment