كورد داوای مانه‌وه‌ی مادده‌ی 140ی ده‌ستوور ده‌كات

بڕیاری دا كۆبوونه‌وه‌یه‌كی دیكه‌ تایبه‌ت بكات به‌ تاوتوێكردنی پرسی ئه‌و مادده‌یه‌

K24 – هه‌ولێر:

لیژنه‌ی هه‌مواری ده‌ستووری عێراق، ئه‌مڕۆ له‌گه‌ڵ لایه‌نه‌ كوریدییه‌كان كۆبوویه‌وه‌ و "ڤیان سه‌بری" سه‌رۆكی كوتله‌ی پارتی دیموكراتی كوردستان له‌ ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق، رایگه‌یاند، ئێمه‌ داوامان كردووه‌، ئه‌و مادده‌یه‌ له‌ ده‌ستووردا بمێنێته‌وه‌.

"ڤیان سه‌بری" گوتیشی: ئێمه‌ له‌ سۆنگه‌ی بایه‌خی مرۆیی، سیاسی و كاركردن به‌ ئیراده‌یه‌كی سیاسی به‌هێز بۆ جێبه‌جێكردنی بڕگه‌كانی داوامان كردووه‌، ئه‌و مادده‌یه‌ له‌ هه‌موار ده‌ستووری عێراقدا بمێنێته‌وه‌.

له‌ میانی لێدوانێكی بۆ "كوردستان24"، سه‌رۆكی كوتله‌ی پارتی دیموكراتی كوردستان له‌ ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق، ئاشكرایكرد، لیژنه‌ی هه‌مواری ده‌ستوور بڕیاری دا كۆبوونه‌وه‌یه‌كی دیكه‌ تایبه‌ت بكات به‌ تاوتوێكردنی پرسی ئه‌و مادده‌یه‌ و له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌دا سه‌رۆكی كوتله‌كانی نوێنه‌ران به‌شدار ده‌بن.

روونیشیكرده‌وه‌، ئه‌گه‌ری زۆر هه‌یه‌، ئه‌و كۆبوونه‌وه‌ چاوه‌ڕوانكراوه‌، رۆژی چوارشه‌ممه‌ (11ی تشرینی دووه‌م/ نۆڤێمبه‌ری 2020) به‌ڕێوه‌بچێت و سه‌رجه‌م سه‌رۆكی كوتله‌ و نوێنه‌ری پێكهاته‌كانی عێراق تێیدا به‌شدار بن.

مادده‌ی (140)ـی ده‌ستووری عێراق، كه‌ تێیدا چاره‌سه‌ری بۆ پرسی كه‌ركووك و ناوچه‌ دابڕاوه‌كان خستووه‌ته‌ڕوو، جێی ناكۆكی نێوان كوتله‌ و لایه‌نه‌ سیاسییه‌كانه‌.

به‌ گوێره‌ی مادده‌كه‌، ده‌بوایه‌ پرسی كه‌ركووك و ناوچه‌كانی دیكه‌، تا كۆتایی مانگی دیسێمبه‌ری (2007)، به‌ سێ قۆناغ، كه‌ (ئاساییكردنه‌وه‌، سه‌رژمێری و راپرسی) بوون، جێبه‌جێ بكرێت.

له‌ هه‌موواری ده‌ستووری عێراقدا، هه‌ریه‌ك له‌ پرسی مادده‌ی (140)، پرسی پێكهێنانی كابینه‌ی حكومه‌ت ئایا له‌ لایه‌ن كوتله‌ی گه‌وره‌ی نوێنه‌رانه‌وه‌ بێت، یان له‌ لایه‌ن لیستی براوه‌ی هه‌ڵبژاردنه‌وه‌ بێت؟، هه‌روه‌ها (23) مادده‌ی تایبه‌ت به‌ مافه‌كان و (10) مادده‌ی تایبه‌ت ئازادییه‌كانن، بوونه‌ته‌ جێی مشتومڕی نێوان كوتله‌ و پێكهاته‌ نه‌ته‌وه‌یی و سیاسی و مه‌زهه‌بییه‌كانی عێراق.