ویتکۆف: حەماس پێی ڕاگەیاندووین ئامادەیە چەکەکانی ڕادەست بکات
نێردەی کۆشکی سپی ڕایگەیاند، پلانێکی گەشەپێدانی 'خەیاڵی' بۆ غەززە هەیە و فشار دەکەینە سەر ئیسرائیل بۆ دەرچوونی سەلامەتی ئەو چەکدارانەی لە ڕەفەح گیریان خواردووە.
ویتکۆف، لە کۆڕبەندی بازرگانیی ئەمەریکا لە میامی، گوتی: "حەماس هەمیشە ئاماژەی بەوە کردووە چەکەکانی ڕادەست دەکات. ئەوان ڕاستەوخۆ ئەمەیان پێ ڕاگەیاندین."
نێردەکەی کۆشکی سپی هیوای خواست حەماس پابەندی بەڵێنەکەی بێت و گوتی: "ئەگەر ئەو کارە بکەن، تێدەگەن ئەو پلانە گەشەپێدانەی بۆ غەززە هەمانە بەڕاستی خەیاڵییە و زۆر باشترە لە هەر شتێک کە پێشتر خراوەتەڕوو."
ئاماژەی بەوەشکرد پلانەکە "بەرنامەیەکی گەورەی دروستکردنی هەلی کار" لەخۆدەگرێت.
ویتکۆف ڕوونیکردەوە ئەمەریکا "لە پرۆسەی پەرەپێدانی بەرنامەی داماڵینی چەک و لێبوردندایە" و گوتی: "حەماس بە ڕوونی ئاشکرای کردووە چەکەکانی ڕادەستی هێزێکی ئاسایشی نێودەوڵەتی دەکات." هەروەها هیوای خواست لە ماوەی سێ هەفتەی داهاتوودا ئەم هێزە پێکبهێنرێت.
ویتکۆف جەختی لەوەش کردەوە واشنتن فشار دەخاتە سەر ئیسرائیل بۆ ئەوەی ڕێگەیەکی سەلامەت بۆ دەرچوونی نزیکەی 100 بۆ 200 چەکداری حەماس بکاتەوە ئێستا لە تونێلەکانی ژێر ڕەفەح گیریان خواردووە، لە بەرامبەردا چەکەکانیان ڕادەست بکەن.
بە وتەی ویتکۆف، ئەم دەستپێشخەرییە وەک بەرنامەیەکی فراوانتری چەکداماڵین و لێبوردن سەیر دەکرێت. گوتی: "ئەوە یەکێک دەبێت لە تاقیکردنەوەکان؛ ئایا ئەو 200 چەکدارە دەتوانن دەستیان بەرز بکەنەوە، بێنە دەرەوە و چەکەکانیان ڕادەست بکەن."
مانگی ڕابردوو، ترەمپ پلانێکی 20 خاڵی بۆ چارەسەری کێشەی فەڵەستین خستەڕوو، ئەویش چەکداماڵینی حەماس، گواستنەوەی ئیدارەی غەززە بۆ لیژنەیەکی تەکنۆکراتی کاتی لەژێر چاودێریی نێودەوڵەتیدا، ئاوەدانکردنەوە و کشانەوەی قۆناغ بە قۆناغی سوپای ئیسرائیل.
ڕێککەوتنی ئاگربەستەکە لە 10ـی تشرینی یەکەمەوە کاری پێدەکرێت، مەرجی ئازادکردنی سەرجەم بارمتە زیندووەکانی ئیسرائیل و گەڕاندنەوەی تەرمی کوژراوەکانی لەخۆگرتبووە، هەنگاوی یەکەمی جێبەجێ کراوە.
بەپێی ڕێککەوتنەکە، لە بەرامبەر ڕادەستکردنی تەرمی هەر بارمتەیەکی ئیسرائیلیدا، ئیسرائیل ڕوفاتی 10 فەڵەستینی ڕادەست دەکاتەوە.
