ئومێد خۆشناو: بانگەشەی هەڵبژاردن بەشێوەیەکی ئارام بەڕێوەچوو
پارێزگاری هەولێر ئاماژە بەوە دەکات، بانگەشەی هەڵبژاردن سارد نەبوو، بەڵکوو بەشێوەیەکی هێمنتر بەڕێوەچوو.
ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر، بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند: بانگەشەی هەڵبژاردن تاوەکوو ئێستا زۆر بە باشی بەڕێوەچووە، هەموو ئەو ڕێنماییانەی لەلایەن کۆمیسیۆنەوە دراون، وەک خۆی جێبەجێکران.
پارێزگاری هەولێر گوتی: ژمارەیەک لە کاندیدەکان سەرپێچی هەڵواسینی پۆستەریان کردووە، بەڵام کەمبووە، سەرەڕای ئەوەی ماوەی بانگەشەی هەڵبژاردن درێژبوو، بەڵام بە ئارامی بەڕێوەچوو.
ئومێد خۆشناو، گوتیشی: بانگەشەی هەڵبژاردن سارد نەبوو، بەڵکوو بەشێوەیەکی هێمنتر بەڕێوەچوو، تاوەکوو ئێستا هیچ لایەنێکی سیاسی سکاڵای لەسەر یەکتر تۆمار نەکردووە.
هەروەها ئاماژەی بەوە دا، ژمارەیەک کەرنەڤاڵی گەورەی حزب و لایەنە سیاسییەکان بەڕێوەچوون، ئەمڕۆ هەینیش گەورەترین کەرەنەڤاڵی جەماوەری پارتی دیموکراتی کوردستان لە یاریگای شەهید فەرانسۆ هەریری بەڕێوەدەچێت.
3ـی تشرینی یەکەمی 2025، بانگەشەی هەڵبژاردن دەستیپێکرد، 11ـی تشرینی دووەمی 2025، هەڵبژاردنی خولی شەشەمی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق بەڕێوەدەچێت.
