پزیشكێکی ئیسپانی: هەندێجار شلیک مەترسیی لەسەر تەندروستی دروست دەکات

دیڤید سیسپیدیس، پزیشكی ئیسپانی و پسپۆڕی تەندروستی گشتی، هۆشداری داوە لەوەی كە شلیک (فراولە) لەگەڵ ئەوەی سوودێكی زۆری هەیە، لە هەندێك كاتدا مەترسی بۆ تەندروستی دروست دەكات.

بەپێی ئەو زانیارییانەی کە ڕۆژنامەی Mirrorـی بەریتانی بڵاوی کردووەتەوە، شلێک زیاتر لە هەموو میوە و سەوزەواتەکان ماددەی کیمیایی تیادا کۆدەبێتەوە کە دەرمانە قڕکەرەکانی مێش و چەندین قڕکەری دیکەش لەخۆ دەگرێت.

سیسپیدیس ئاماژەی بەوە كرد،  شوشتنی شلیک بە ئاو بۆ چەند چركەیەك لەژێر بەلووعە و هەڵگرتنی بە شێداری لەنێو ساردكەرەوەدا، سەرەڕای ئەوەی نابێتە هۆی لابردنی قڕکەرەکان،  تێكچوونیشی خێراتر دەكات. 

بۆ كەمكردنەوەی مەترسی توشبوون بە ماددە كیمیاییەكان، پزیشكەكە ڕێنوێنی دەكات كە شلیک بۆ ماوەی 10 خولەك لەناو ئاوێكدا كە 3% خوێ یان سركەی تێكرابێت، بخوسێنرێت، پاشان بە باشی وشك بكرێتەوە و لە ناو قاپێكی هەواگۆركراودا هەڵبگیرێت.

سیسپیدیس هۆشداری داوە لەوەی تەنانەت بڕی كەمیش لە ماددە قڕكەرەكان لە ماوەی درێژخایەندا زیان دەگەیەنێت، بە تایبەتی بۆ منداڵان و ئەو كەسانەی كە بەرگریی جەستەیان لاوازە.

پسپۆڕانی تەندروستی ئاماژە بەوەش دەكەن كە شلیک لەوانەیە هەستیاری دروست بكات كە بە شێوەی پەڵەی سوور یان خورانی پێست یان سووربوونەوەی پێست و لێوەكان دەردەكەوێت، هەروەها خواردنی بڕێكی زۆری لەوانەیە ببێتە هۆی سك ئێشە، یان تەنانەت سكچوون بۆ ئەو كەسانەی كە نەخۆشی کۆلۆن (IBS)ـن.

 
 
 
Fly Erbil Advertisment