هەولێر و دیاربەکر لە ڕیزبەندی کۆنترین شارەکانی جیهانن

بە گوێرەی ڕاپۆرتێکی ماڵپەڕی"جیوماباس" کە تایبەتە بە بواری جوگرافیا و مێژوو، شاری دیاربەکر لە پلەی سێیەمی Rیزبەندی ئەو شارانە دێت کە بە درێژایی مێژووی درووستبوونی تاوەکو ئێستا ژیان تیایدا بەردەوام بووە، هەروەها هەولێری پایتەختی هەرێمی کوردستانیش لە ڕیزبەندی یازدەیەمین شارە کۆنەکانی جیهانە کە لە چوار هەزار ساڵ پێش زایینەوە خەڵکی تیایدا نیشتەجێبوونە.

ماڵپەڕەکە ئاماژەی بەوە کردووە، لە کۆی 18 شاری جیاواز لە سەرانسەری جیهاندا کە لێکۆڵینەوەیان لە بارەیەوە ئەنجامداوە، شاری دیمەشق کۆنترین شاری جیهانە و لە پلەی یەکەمی ئەو لیستەیە کە ڕاگەیەندراوە، دوای ئەو ئەریحای فەڵەستینی دێت، لە ڕیزبەندی سێیەمیشدا شاری دیاربەکر لە باکووری کوردستان دەبینرێت.

چەند پلەیەک لە دوای دیاربەکر، هەولێری پایتەختی هەرێمی کوردستان لە پلەی یازدەیەمین هەیە، بە گوێرەی زانیارییەکانی ماڵپەڕی "جیوماباس" لە چوار هەزار ساڵ پێش زایینەوە، ژیان لەم شارەدا هەبووە، تاوەکو ئێستاش بەردەوامە و لە پێشکەوتندایە. 

ماڵپەڕەکە جەختی لەوە کردووەتەوە، پلەبەندی ناوی شارەکان لەسەر بنەمای دروستبوونی شارەکان دانەنراوە، بەڵکو هەبوون و بەردەوامی دانیشتووان و ژیان بنەمای ئەم لێکۆڵینەوە و ڕیزبەندیەیە. 

ئەوەشی ڕوونکردوەتەوە، لەم شارانەدا بە درێژایی مێژوو، سەڕای هاتن و ڕۆیشتنی ئیمپراتۆرییەت یەک لە دوای یەکەکان و شەڕی بەردەوام، بەڵام هێشتا خەڵک تیایاندا نیشتەجێبوونە و ژیاون.

 
Fly Erbil Advertisment