وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی سێ ڕۆژ پشووی ڕاگەیاند

وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی ڕایگەیاند، ڕۆژانی 9، 10 و 11ـی ئەم مانگە بەهۆی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق لە ناوەندەکانی خوێندنی زانکۆ و پەیمانگەکانی حکوومی و تایبەت پشووی فەرمی دەبێت.

شەممە 8ـی تشرینی دووەمی 2025، وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی ڕاگەیەندراوێکی بڵاو کردووەتەوە و تێیدا ئاماژەی داوە ڕۆژانی 9 و 10ـی ئەم مانگە لە ناوەندەکانی خوێندنی زانکۆ و پەیمانگەکانی حکوومی و تایبەت بۆ خوێندکاران و قوتابییان پشووی فەرمی دەبێت.

هەروەها لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە، بەهۆی بەڕێوەچوونی پرۆسەی هەڵبژاردنەکانی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق لە 11ـی تشرینی دووەمی 2025، لەپێناو ڕەخساندنی دەرفەتی یەکسان بۆ بەشداری کردن لە هەڵبژاردنەکان، بە بڕیاری ئارام محەممەد قادر، وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی پشووی فەرمی بۆ خوێندکاران و قوتابییان لە زانکۆ و پەیمانگەکان ڕاگەیەنرا.

وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی دەشڵێت: ڕۆژی لە 11ـی تشرینی دووەمی 2025 بەهۆی بەڕێوەچوونی پرۆسەی هەڵبژاردنەکان لە سەرجەم دامودەزگاکان پشووی فەرمییە بە ناوەندەکانی خوێندنیشەوە، هاوکات ڕۆژی 12ـی تشرینی دووەم دەوامی فەرمی لە زانکۆ و پەیمانگەکانی هەرێمی کوردستان دەست پێ دەکاتەوە.

هاوکات، سامان عەبدوڵڵا، بەڕێوەبەری ڕاگەیاندنی زانکۆی سەڵاحەدین ڕایگەیاندووە، سەبارەت بە پشووی ڕۆژی یەکشەممە و دووشەممە سەرجەم فەرمانبەران و مامۆستایان ئاگادار دەکەینەوە ئەم پشووە تەنیا بۆ قوتابییانە.

بڕیارە سبەی یەکشەممە، 9ـی تشرینی دووەمی 2025، کاتژمێر 07:00ـی بەیانی دەنگدانی تایبەت بۆ خولی شەشەمی پەرلەمانی عێراق دەستپێدەکات و تا کاتژمێر 06:00ـی ئێوارەی هەمان ڕۆژ بەردەوام دەبێت. دەنگدانەکە، هێزە ئەمنییەکان و ئاوارەکان دەگرێتەوە. 

یەک ملیۆن و 313 هەزار و 980 ئەندامی هێزە ئەمنییەکان و 26 هەزار و 538 ئاوارە بەشداریی هەڵبژاردنی تایبەت دەکەن.  هەروەها، لە دەنگدانی تایبەتدا، 809 بنکە و 4501 وێستگەی دەنگدان بۆ هێزە ئەمنییەکان و 27 بنکە و 97 وێستگەی دەنگدان بۆ ئاوارەکان کراوە دەبن.

ژمارەی هەموو کاندیدان بۆ کێبرکێی هەڵبژاردن برتییە لە 7 هەزار و 744 کاندید، هەروەها تاوەکو ئێستا 848 کاندید لە کێبڕکێیەکە دوورخراونەتەوە.

 
 
 
 
 
Fly Erbil Advertisment