ئومێد ئەحمەد: لە پرۆژەی ڕووناکی هەوڵمان داوە بە کەمترین خەرجی زۆرترین سوود بە خەڵک بگەینین
گوتەبێژی وەزارەتی کارەبای حکوومەتی هەرێم ڕاگەیاند، حکوومەتی هەرێم لە جێبەجێکردنی پرۆژەی ڕووناکی هەوڵی داوە بە کەمترین خەرجی زۆرترین سوود بە خەڵک بگەیەنێت، تا ئێستا نزیکەی 60% مۆلیدەکان کوژێنراونەتەوە و چاوەڕوان دەکرێت تا کۆتایی پرۆژەکە حەوت هەزار مۆلیدە بکوژێندرێنەوە.
شەممە 8ـی تشرینی دووەمی 2025، ئومێد ئەحمەد، گوتەبێژی وەزارەتی کارەبای حکوومەتی هەرێمی کوردستان بە کوردستان24ی ڕاگەیاند، پرۆژەی ڕووناکی پرۆژەیەکی نیشتمانییە و سوودێکی زۆری بۆ هاووڵاتییان دەبێت، ئەو پرۆژەیە لە ئەنجامی کارکردنی بەردەوام و هەڵسەنگاندنی پرۆژەکە لە ماوەی سێ ساڵی ڕابردوو دا.
گوتەبێژی وەزارەتی کارەبای حکوومەتی هەرێمی کوردستان باسی لەوەش کرد، پرۆژەی ڕووناکی بە کەمترین تێچوو و کات و باشترین شێوە جێبەجێ دەکرێت.
ئاماژەشی بەوەش کرد، پرۆژەکە لە چەند تەوەری سەرەکی پێکدێت، ئەوانیش، خزمەتکردنی هاوبەشانی پرۆژەکە، کەمکردنەوەی خەرجییەکان لەسەر حکوومەت، پاککردنەوەی ژینگە.سێ هەزار و 800 واتە بە نزیکەی 60% مۆڵیدەکانمان کوژاندووەتەوە، تاوەکوو کۆتایی پرۆژەکە نزیکەی حەوت هەزار مۆلیدە دەکوژێنینەوە.
ئومێد ئەحمەد گوتیشی: ژێرخانەکەمان زیاترە لە هەشت هەزار و 200 مێگاوات، کە بە نزیکەی چوار هەزار و 500 مێگاوات لە کار دایە، هاوکات بە نزیکەی هەزار و 800 مێگاوات تەنیا لە کابینەی نۆیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان زیادی کردووە، لەو ژمارەیە 700 مێگاواتی سووتەمەنی زیادەی بۆ بەکارنەهاتووە و دۆستی ژینگەیە.
ڕۆژی پێنجشەممە 30ی تشرینی یەکەمی 2025، وەزارەتی کارەبای حکوومەتی هەرێمی کوردستان ڕاگەیاندبوو، نزیکەی چوار ملیۆن و 500 هەزار هاووڵاتی لە پرۆژەی ڕووناکی سوودمەندبوونە.
وەزارەتەکە ئاماژەشی دابوو، لە چوارچێوەی ئەم هەنگاوەش سەنتەری هەر دوو شاری سۆران و زاخۆ کارەبای 24 کاتژمێرییان بۆ دابین دەکرێت لەڕێگەی پرۆژەی ڕووناکی و ئامادەکارییەکان دەستییان پێکردووە بۆ دابینکردنی کارەبای بەردەوام لە ئیدارەی ڕاپەڕین.
