لاڤرۆڤ: کار بۆ جێبەجێکردنی فەرمانی پوتن لە بارەی تاقیکردنەوەی ئەتۆمی دەکەین
وەزیری دەرەوەی ڕووسیا، ڕایگەیاند، کار بۆ جێبەجێکردنی فەرمانەکەی سەرۆکی ڕووسیا سەبارەت بە ئامادەکارییەکان بۆ تاقیکردنەوەی ئەتۆمی دەکەین.
شەممە 8ـی تشرینی دووەمی 2025، سێرگی لاڤرۆڤ، وەزیری دەرەوەی ڕووسیا، گوتی: مۆسکۆ هیچ ڕوونکردنەوەیەکی لە بارەی لێدوانەکانی دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمەریکا، لە لایەنی دیپلۆماسییەوە پێنەگەیشتووە، تا ئێستا نازانین مەبەستی واشنتن چی بووە، هەروەها پەیامەکەی ترەمپ ڕوون نییە، بۆیە ڕووسیا بەردەوام دەبێت لە ئامادەکارییەکانی بۆ تاقیکردنەوەی ئەتۆمی.
قسەکانی لاڤرۆڤ لە دوای ئەوە دێت، لە کۆتایی مانگی تشرینی یەکەمی ئەمساڵ، دۆناڵد ترەمپ ، ڕایگەیاندبوو، ئاژانسی ئەتۆمی وڵاتەکەی ئاگادار کردووەتەوە و فەرمانی پێکردوون، هاوشێوەی ڕووسیا و چین ئامادەکاری بۆ تاقیکردنەوەی ئەتۆمی بکەن.
هەروەها لە کۆتاییەکانی مانگی ڕابردوو، سەرۆکی ئەمەریکا، ڕایگەیاندبوو: بەهۆی تاقیکردنەوەی وڵاتانی دیکە بە چەکی ئەتۆمی، فەرمانم کردووە کە بە هەمان شێوە دەست بە تاقیکردنەوەی چەکە ئەتۆمییەکانی خۆمان بکەین، پاشان ڕوونکردنەوەیەکی زیاتری بە ڕۆژنامەنووسان دا و تێیدا ئاماژەی دابوو، ڕکابەرە سەرەکییەکانی واشنتن، بە تایبەت چین و ڕووسیا، "وا دیارە هەموویان تاقیکردنەوەی ئەتۆمی ئەنجام دەدەن، و گوتی: "ئەگەر ئەوان تاقیکردنەوە ئەنجام بدەن، ئێمەش ئەنجامی دەدەین.
