ڕۆناڵدۆ: حەز دەکەم  لە نزیکەوە ترەمپ ببینم و گفتوگۆی لەگەڵ بکەم

کریستیانۆ ڕۆناڵدۆ، یاریزانی هەڵبژاردەی پورتوگال و یانەی نەسری سعوودی، ڕایگەیاند، هیوایەکی زۆرم هەیە کە ڕۆژێک چاوم بە دۆناڵد ترەمپ دەکەوێت، حەز دەکەم بیبینم، دەمەوێت لە بارەی ئاشتییەوە گفتوگۆ بکەین.

کریستیانۆ ڕۆناڵدۆ، یاریزانی هەڵبژاردەی پورتوگال و یانەی نەسری سعوودی، لە میانەی بەشدارکردنی لە بەرنامەی "پێرس مۆرگان"، گوتی: ئەگەر جیهان لە ئاشتیدا بژی کە ئەوە ئامانجی ئێمەیە، ئەوە من یەکێکم لەو کەسانەی کە دەتوانێت جیهان بگۆڕێت، ئەوەش ئامانجی سەرەکی منە.

کریستیانۆ حەزی خۆی بۆ دیداری سەرۆکی ئەمەریکا نەشاردەوە و گوتی: هیوادارم چاوم پێی بکەوێت، دەمەوێت لە گەڵی دابنیشم، چونکە ئەو یەکێکە لەو کەسانەی خۆشم دەوێت، بە بڕوای من دانیشتنەکەمان جیاواز دەبێت، منیش ئەو جۆرە دیدارانەم خۆش دەوێت.

ڕۆناڵدۆ لە لایەنی سیاسییەوە هیچ قسەیەکی نەکرد، بەڵام ئاشکرای کرد کە سەرنجی لەسەر ئاشتی دەبێت، هاوکات باسی لەوە کرد، هیوادارم جیهان بەرەو ئاشتی هەنگاو بنێت، شتێک بە سەرۆکی ئەمەریکا دەڵێم کە هێشتا کەس نایزانێت، ڕەنگە ڕۆژێک بێت لەگەڵیدا دابنیشم و ڕوونی بکەمەوە کە لە شتانێکی گرنگدا هاوبەشین.

لە بەرانبەردا، کۆشکی سپی ئەمەریکا، لە ڕێگەی پۆستێک لە پلاتفۆرمی "ئێکس" قسەکانی ڕۆناڵدۆی بە ئەرێنی وەرگرتووە، لە پۆستەکەدا، بەشێک لە قسەکانی کاپتنەکەی یانەی نەسری داناوە، هەروەها هێمای سڵاو و چەپڵەی لەگەڵ قسەکانی کریستیانۆ ئاماژە پێکردووە. 

کریستیانۆ ڕۆناڵدۆ لە ئێستادا خۆی بۆ بەشداریکردن لە یارییەکانی جامی جیهانی 2026 ئامادە دەکات، کە لە وڵاتانی ئەمەریکا، کەنەدا و مەکسیک بە بەشداریکردنی 48 هەڵبژاردەی جیهانی بەڕێوە دەچێت.

پێدەچێت ئەم پاڵەوانێتییە کۆتا وێستگەی کریستیانۆ ڕۆناڵدۆ بێت لەگەڵ هەڵبژاردەی پورتوگال، چونکە هەوڵ دەدات بە بەرزکردنەوەی جامی جیهانی کۆتایی بە کاروانی وەرزشی خۆی بهێنێت.

کریستیانۆ ڕۆناڵدۆ تەمەنی 40 ساڵە، ئێستا یاری بۆ یانەی نەسری سعوودی دەکات،  تاوەكو کۆتایی وەرزی 2026-2027 گرێبەستی لە گەڵ یانەکەی هەیە، هەروەها لە ماوەی ژیانی وەرزشیدا 952 گۆڵی لە پاڵەوانێتییە جیاوازەکاندا تۆمار کردووە.

 
 
Fly Erbil Advertisment