گوتەبێژی فەرماندەی هێزەکانی زێرەڤانی: پرۆسەی دەنگدانی هێزەکانی پێشمەرگە بەڕێکوپێکی بەڕێوەدەچێت

دیدەوان خورشید، گوتەبێژی فەرماندەی هێزەکانی زێرەڤانی ئەمڕۆ یەکشەممە، 9ـی تشرینی دووەمی 2025، لە لێدوانێکدا بۆ کوردستان24، وردەکارییەکانی پرۆسەی دەنگدانی هێزەکانی پێشمەرگەی خستەڕوو.

بەگوێرەی لێدوانەکە، پرۆسەی دەنگدان لە کاتژمێر 7:00ـی بەیانییەوە دەستی پێکردووە و بەگوێرەی خشتەیەکی دیاریکراو بەڕێوەدەچێت. ئەم خشتەیە بۆ هەموو هێزەکان داندراوە تاوەکو لە کاتی دیاریکراوی خۆیاندا دەنگ بدەن، بەمەش پابەندبوون بە نۆرەگرتن مسۆگەر دەکرێت و ڕێگری لە دروستبوونی هەر جۆرە قەرەباڵغی و گرفتێک لە بنکەکانی دەنگدان دەکرێت.

هەروەها گوتیشی: فەرماندە و پێشمەرگە بە شێوەیەکی ڕێک‌وپێک لە سەنگەرەکانی خۆیان ئامادەن بۆ دەنگدان، کە ئەمەش نیشانەی پابەندبوونی تەواوی هێزەکانە بە پرۆسەکەوە. تا ئێستا پرۆسەکە بە گشتیی بەبێ هیچ گرفتێک بەڕێوەچووە، بەڵام لەبەر ئەوەی هێشتا سەرەتایە، چاوەڕوان دەکرێت بزانرێت ئاخۆ هیچ کێشەیەکی تەکنیکی دێتە پێش.

یەکێک لە گرفتە ئەگەرییەکان، کێشەی پەنجەمۆرە. لەگەڵ ئەوەشدا، بەڵێن دراوە کە سیستەمی "فەیس ئایدی" (دەموچاو) وەک هاوکارێک بۆ چارەسەرکردنی ئەم گرفتە بەکاربهێنرێت. هیواداریشین هیچ کێشەیەکی لەم شێوەیە ڕوونەدات.

کاتژمێر 7:00 بەرەبەیانی ئەمڕۆ، دەنگدانی تایبەت بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق دەستیپێکرد و هێزە جیاوازەکان لە عێراق و هەرێمی کوردستان ڕوویان لە بنکەکانی دەنگدان کرد بۆ بەشداریکردن لە پرۆسەکە.

لە دەنگدانی تایبەت زیاتر لە یەک ملیۆن و 313 هەزار کەس ئەندامانی هێزی ئەمنیی و فەرمانبەرانی وەزارەتی ناوخۆ لە عێراق و هەرێمی کوردستان مافی بەشداریکردنیان هەیە، ئەوە جگە لە بەشداریکردنی زیاتر لە 26 هەزار ئاوارە، کە زۆرینەیان لە سنووری پارێزگای دهۆکن.

لە سەرانسەری عێراق 809 بنکە دیاریکراوە بۆ دەنگدانی تایبەت و چاوەڕوان دەکرێت پرۆسەی دەنگدانی تایبەت تا کاتژمێر 6:00 ئێوارە درێژەی هەبێت بەگوێرەی ڕێنماییەکانی کۆمیسیۆنیش، سندووقەکان بەشێوەی ئەلیکترۆنی دادەخرێن و ناکرێت ماوەکە درێژ بکرێتەوە.

دوو سبەیش واتە 11ـی تشرینی دووەمی 2025 دەنگدانی گشتی بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق بەڕێوەدەچێت.

 
 
Fly Erbil Advertisment