عەزیز وەیسی: هیوادارم ئەم هەڵبژاردنە ببێتە وەرچەرخانێکی مێژوویی بۆ کوردستان
ئەمڕۆ یەکشەممە، 9ـی تشرینی دووەمی 2025، عەزیز وەیسی، فەرماندەی هێزەکانی زێرەڤانی، لە لێدوانێکدا بۆ کوردستان24، تیشکی خستە سەر بەڕێوەچوونی پرۆسەی دەنگدانی تایبەت و پەیامێکی ئاراستەی پێشمەرگە و هاووڵاتییان کرد.
عەزیز وەیسی ڕایگەیاند: "ئەمڕۆ دەنگی ئێمە هەموومان وەک یەکە و هیچ جیاوازییەک لەنێوان فەرماندە و پێشمەرگەدا نییە." هیوای خواست کە پێشمەرگە بە شێوازێکی ئارام و ڕێکوپێک، وەک هەمیشە، بچنە سەر سندوقەکانی دەنگدان و ڕێکخستنی خۆیان تێکنەدەن.
فەرماندەی هێزەکانی زێرەڤانی جەختی کردەوە "ئەم ڕۆژە بۆ تەواوی عێراق و هەرێمی کوردستان گرنگە و بە ڕۆژێکی مێژوویی وەسفی کرد. ئاماژەی بەوەش کرد، پێشمەرگە بە گەرمی پێشوازییان لە پرۆسەکە کردووە و هیواشی خواست لە ڕۆژی دەنگدانی گشتیشدا لە 11ـی 11ـی ئەم مانگە، هاووڵاتییانیش بە هەمان جۆشوخرۆشەوە بەشداری بکەن. لەو باوەڕەدایە ئەم هەڵبژاردنە بەهۆی بوونی کێبڕکێی زۆرەوە، دەبێتە وەرچەرخانێک لە تەواوی عێراقدا و هیوای سەرکەوتنی بۆ پرۆسەکە و بۆ کوردستان خواست."
سەبارەت بە ئەرکی ئەمنیی، عەزیز وەیسی ئاشکرای کرد، "زیاتر لە 500 خاڵ بۆ پێشمەرگە دیاری کراوە کە لەگەڵ هێزە ئەمنییەکاندا لە ئامادەباشیدابن و وەک هێڵی سێیەمی بەرگریی، لەدوای پۆلیس و ئاسایش، ئەرکیان لە ئەستۆیە. ڕوونیکردەوە، ئەگەر هەر حاڵەتێکی نەخوازراو ڕووبدات، پێشمەرگە ئاگادار دەکرێتەوە بۆ هاوکاریکردنی هێزەکانی دیکە." لە کۆتاییدا، وەیسی دووپاتی کردەوە "کاری پێشمەرگە قوربانیدانە بە ژیانی، و هەمیشە قوربانییان داوە تاکوو هاووڵاتییان بە ئارامی و خۆشی بژین."
کاتژمێر 7:00 بەرەبەیانی ئەمڕۆ، دەنگدانی تایبەت بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق دەستیپێکرد و هێزە جیاوازەکان لە عێراق و هەرێمی کوردستان ڕوویان لە بنکەکانی دەنگدان کرد بۆ بەشداریکردن لە پرۆسەکە.
لە دەنگدانی تایبەت زیاتر لە یەک ملیۆن و 313 هەزار کەس ئەندامانی هێزی ئەمنیی و فەرمانبەرانی وەزارەتی ناوخۆ لە عێراق و هەرێمی کوردستان مافی بەشداریکردنیان هەیە، ئەوە جگە لە بەشداریکردنی زیاتر لە 26 هەزار ئاوارە، کە زۆرینەیان لە سنووری پارێزگای دهۆکن.
لە سەرانسەری عێراق 809 بنکە دیاریکراوە بۆ دەنگدانی تایبەت و چاوەڕوان دەکرێت پرۆسەی دەنگدانی تایبەت تا کاتژمێر 6:00 ئێوارە درێژەی هەبێت بەگوێرەی ڕێنماییەکانی کۆمیسیۆنیش، سندووقەکان بەشێوەی ئەلیکترۆنی دادەخرێن و ناکرێت ماوەکە درێژ بکرێتەوە.
دوو سبەیش واتە 11ـی تشرینی دووەمی 2025 دەنگدانی گشتی بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق بەڕێوەدەچێت.
