سۆران.. دەنگدان بە شێوەیەکی ئاسایی بەڕێوە دەچێت
لە ناوەندی قەزای سۆران، پرۆسەی دەنگدانی تایبەت بە شێوەیەکی ئاسایی بەڕێوە دەچێت و تا ئێستا هیچ گرفتێکی تەکنیکی ڕووی نەداوە.
تەیفوور محەممەد، پەیامنێری کوردستان24، لە ئێدارەی سەربەخۆی سۆران، دەڵێت: ژمارەی بنکەکانی دەنگدان لە سۆران 14 بنکەن کە لە 61 وێستگە پێک هاتوون. 17 هەزار و 842 ئەندامی هێزە تایبەتەکان مافی دەنگدانیان هەیە و تا ئێستا پرۆسەکە بە شێوەیەکی ئارام بەڕێوە دەچێت و هیچ گرفتێک ڕووی نەداوە.
پەیامنێری کوردستان 24، هەروا گوتی: کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی عێراق، نووسینگەی ئیدارەی سەربەخۆی سۆران، داوا لەو هاووڵاتییانە دەکات کە تا ئێستا کارتی دەنگدانیان وەرنەگرتووە، سەردانی بنکەکان بکەن بۆ وەرگرتنی کارتەکانیان. ئەوان دەتوانن تا دوو سبەینێ واتە ڕۆژی دەنگدانی گشتیش کارتەکانیان وەربگرن.
کاتژمێر 7:00 بەرەبەیانی ئەمڕۆ، دەنگدانی تایبەت بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق دەستی پێ کرد و هێزە جیاوازەکان لە عێراق و هەرێمی کوردستان ڕوویان لە بنکەکانی دەنگدان کرد بۆ بەشداریکردن لە پرۆسەکە.
لە دەنگدانی تایبەت زیاتر لە یەک ملیۆن و 313 هەزار کەس ئەندامانی هێزی ئەمنیی و فەرمانبەرانی وەزارەتی ناوخۆ لە عێراق و هەرێمی کوردستان مافی بەشداریکردنیان هەیە، ئەوە جگە لە بەشداریکردنی زیاتر لە 26 هەزار ئاوارە، کە زۆرینەیان لە سنووری پارێزگای دهۆکن.
لە سەرانسەری عێراق 809 بنکە دیاریکراوە بۆ دەنگدانی تایبەت و چاوەڕوان دەکرێت پرۆسەی دەنگدانی تایبەت تا کاتژمێر 6:00 ئێوارە درێژەی هەبێت بەگوێرەی ڕێنماییەکانی کۆمیسیۆنیش، سندووقەکان بەشێوەی ئەلیکترۆنی دادەخرێن و ناکرێت ماوەکە درێژ بکرێتەوە.
دوو سبەیش واتە 11ـی تشرینی دووەمی 2025 دەنگدانی گشتی بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق بەڕێوەدەچێت.
