پەكەكە زیانی 100 ملیۆن دۆلاری بە ھەرێمی كوردستان گەیاند

بەهۆی تەقاندنەوەی بۆریی هەناردەکردنی نەوتی کوردستان

 

K24 - هەولێر

زیانی ئابووریی تەقاندنەوەی بۆریی هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان لەلایەن چەكدارانی پەکەکە، نزیکەی 100 ملیۆن دۆلارە و، کاریگەری لەسەر رێژەی داهاتی ئەم مانگەی هەرێمی کوردستان و مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان دەبێت.

لە کاتێکدا دەیان هەزار کەس بۆ ئابووریی سەربەخۆ و پاراستنی قەوارەی هەرێمی کوردستان خەباتیان کردووە و شەهید بوون، مەزەندە دەکرێت زیانەکانی تەقاندنەوەی ئەو بۆریەی ھەناردەی نەوت، بکاتە مووچەی دوو مانگ و نیوی وەزارەتی شەهیدان.

لەنجە دزەیی، ئەندامی لیژنەی شەهیدان و ئەنفالکراوانی هەرێمی کوردستان لە پەرلەمان، دەڵێ "لەو تەقینەوەیەدا رۆژانە 10 ملیۆن دۆلار زەرەرمان دا. ئەو زەرەرە بە چوار رۆژ دەکاتە مووچەی کەسوکاری سەربەرزی شەهیدان، کە ئەمەش لێدانە لە خوێنی شەهیدان و خەڵکی هەرێمی کوردستان، لەکاتێکدا بە دۆخێکی قەیراناوی و پەتایەکی سەختی کۆرۆنادا تێپەڕدەبێت، ئەمە تاوانێکی مرۆیی گەورەیە. جگە لەوە (پەکەکە بەهۆی ئەم کارەیەوە) سەرکۆنە و ئیدانەکردنی نێودەوڵەتیشی رووبەڕووی خۆی کردەوە".

دوای 10 رۆژ لە تەقاندنەوەی بۆریە نەوتییەکەی هەرێمی کوردستان لەلایەن چەكدارانی پەکەکە، حکومەتی هەرێمی کوردستان هەناردەکردنی نەوتی گەیاندەوە دۆخی ئاسایی خۆی، بەڵام مەزندەی زیانەکانی بۆ ئەو 10 رۆژە، نزیکەی 100 ملیۆن دۆلارە.

لەکاتێکدا سەرچاوەی سەرەکیی دابینکردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان نەوتە، کەمبوونەوەی داهاتی نەوتەکە راستەوخۆ پەیوەندی بە کەمبوونەوەی داهاتی گشتی دەبێت.

محەمەد سەعدەدین، بڕیاردەری لیژنەی دارایی پەرلەمان باس لەوە دەکات "زیادبوون و کەمبوونەوەی هەناردەکردنی نەوت کاریگەرییەکی راستەوخۆی دەبێت لەسەر مووچەی فەرمانبەران و دۆخی دارایی هەریمی کوردستان... تەقاندنەوەی بۆریە نەوتەکە زیانێکی زۆر گەورە بە مووچەی فەرمانبەران دەگەیەنێت و بەپێی مەزەندەی خۆمان تائێستا نزیکەی 100 ملیۆن دۆلار زیان بە هەرێمی کوردستان گەیشتووە، ئەمەش جگە لە (خەرجیی) چاککردنەوەی بۆرییەکە".

رۆژی 28ـی مانگی رابردوو، پەکەکە لە خاکی باکووری کوردستان بۆری نەوتی هەرێمی کوردستانی تەقاندەوە، جیا لە مەترسی خستنە سەر داهاتووی بۆرییەکە و ئاڵۆزکردنی هاوکێشەکان، بەم کردەوەی هەڕەشە لە ژێرخانی ئابووریی هەرێمی کوردستان دەکات، بەبێ ئەوەی هیچ پاساوێکی هەبێت.

 

هـ.ر.

Fly Erbil Advertisment