بەرپرسی لقی ئامێدیی پارتی: پێشبینی دەکەین زیاتر لە ملیۆنێک دەنگ بەدەست بهێنین
ئەمڕۆ یەکشەممە، 9ـی تشرینی دووەمی 2025، بەهرام عەریف یاسین، فەرماندەییەکی پێشمەرگە و بەرپرسی لقی ئامێدیی پارتی دیموکراتی کوردستان لە لێدوانێکدا بۆ کوردستان24، تیشکی خستە سەر بەڕێوەچوونی پرۆسەی دەنگدانی تایبەت و باسی لە پێگەی حزبەکەی کرد لە هەڵبژاردنەکاندا.
بەهرام عەریف یاسین ڕایگەیاند، پرۆسەی دەنگدان زۆر هێمن و دیموکراسیانە بەڕێوەدەچێت و جۆش و خرۆشێکی باش لەلایەن هێزە ئەمنییەکان و پێشمەرگەوە هەیە. گوتیشی: "ئەمڕۆ پێشمەرگە ئەوەی لەسەر شانیان بوو کردیان، بە دیموکراسیانە و بە جۆش و خرۆشەوە دەنگیاندا، هەروەک چۆن لە ڕابردوودا قوربانییان دەدا بۆ پاراستنی دەستکەوتەکانی هەرێمی کوردستان."
ناوبراو هێزی پێشمەرگەی بە "بناغەدانەری لیستی 275ـی پارتی دیموکراتی کوردستان" ناوبرد و گوتی: "ئەو جۆش و خرۆشەی لەناو هێزەکانی پێشمەرگە هەیە، بێ شک دەگوازرێتەوە بۆ خانەوادە و کەسوکار و هەموو ئەندام و لایەنگرانمان لە سەرانسەری کوردستان." هەروەها ئاماژەی بەوە کرد، ئەمە دڵگەرمییەکی زۆر دەبەخشێت و نیشانەی متمانەی تەواوی خەڵکە بە کاندیدەکان و پارتی دیموکراتی کوردستان.
بەرپرسی لقی ئامێدیی پارتی باوەڕی خۆی نیشان دا کە حزبەکەی دەبێتە یەکەمی هەڵبژاردنەکان و گوتی: "پێشبینی دەکەین لەسەر ئاستی عێراق ببینە یەکەم حزبی عێراقی کە زیاتر لە یەک ملیۆن دەنگ بەدەست دەهێنێت." لە کۆتاییدا داوای لە هەموو هاووڵاتییان کرد، لە ڕۆژی 11ـی ئەم مانگەدا بچنە سەر سندوقەکانی دەنگدان و بەشدارییەکی کارا بکەن.
کاتژمێر 7:00 بەرەبەیانی ئەمڕۆ، دەنگدانی تایبەت بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق دەستیپێکرد و هێزە جیاوازەکان لە عێراق و هەرێمی کوردستان ڕوویان لە بنکەکانی دەنگدان کرد بۆ بەشداریکردن لە پرۆسەکە.
لە دەنگدانی تایبەت زیاتر لە یەک ملیۆن و 313 هەزار کەس ئەندامانی هێزی ئەمنیی و فەرمانبەرانی وەزارەتی ناوخۆ لە عێراق و هەرێمی کوردستان مافی بەشداریکردنیان هەیە، ئەوە جگە لە بەشداریکردنی زیاتر لە 26 هەزار ئاوارە، کە زۆرینەیان لە سنووری پارێزگای دهۆکن.
لە سەرانسەری عێراق 809 بنکە دیاریکراوە بۆ دەنگدانی تایبەت و چاوەڕوان دەکرێت پرۆسەی دەنگدانی تایبەت تا کاتژمێر 6:00 ئێوارە درێژەی هەبێت بەگوێرەی ڕێنماییەکانی کۆمیسیۆنیش، سندووقەکان بەشێوەی ئەلیکترۆنی دادەخرێن و ناکرێت ماوەکە درێژ بکرێتەوە.
دوو سبەیش واتە 11ـی تشرینی دووەمی 2025 دەنگدانی گشتی بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق بەڕێوەدەچێت.
