ژیریی دەستکرد دێتە ناو حەجەوە.. کۆنفرانسی مەککە دەست پێ دەکات

کۆنفرانسی مەککە دەست پێ دەکات
کۆنفرانسی مەککە دەست پێ دەکات

کۆنفرانس و پێشانگای "لە مەککەوە بۆ جیهان" لە وڵاتی سعوودییە بەڕێوەدەچێت. ئامانجی سەرەکیی کۆنفرانسەکە تاوتوێکردنی ڕێکارەکانی حەجی ساڵی داهاتوو و بەکارهێنانی تەکنەلۆژیا و ژیریی دەستکردە بۆ باشترکردنی خزمەتگوزارییەکان بۆ حاجییان.

عەبدوڵڵا شێرکاوەی، گوتەبێژی یەکێتیی زانایانی ئایینیی ئیسلامیی کوردستان، بە کوردستان24ی ڕاگەیاند، ئەمڕۆ یەکشەممە، 09ـی تشرینی دووەمی 2025، پێنجەمین کۆنفرانس و پێشانگای حەج بە چاودێریی شا سەلمان بن عەبدولعەزیز ئال سعوود، خادمی هەردوو حەرەم، دەست پێ دەکات و تاوەکوو 12ـی ئەم مانگە بەردەوام دەبێت.

بە گوتەی ناوبراو، ئامانجی سەرەکییان باشترکردنی ڕێکارەکانی حەجی ساڵی داهاتووە. باسی لەوەش کرد، لە کۆنفرانسەکەدا دەیان کەسی پسپۆڕ گفتوگۆ دەکەن و ڕێکارەکان تاوتوێ دەکەن، بە تایبەت چۆنییەتی بەکارهێنانی ژیریی دەستکرد و ئامێرە هاوچەرخەکان بۆ جوانتر بەڕێوەچوونی ڕێوڕەسمەکانی حەج و سیستەماتیککردنی هەنگاوەکانی کاروبارەکانی حاجییەکان.

کۆنفرانسەکە لەسەر ڕووبەرێک بەڕێوەدەچێت کە زیاتر لە 52 هەزار مەتر دووجایە و 13 کەرتی جیاواز تێیدا بەشداری دەکەن، لەوانە تەکنەلۆژیا، خزمەتگوزارییە تەندروستی و گەشتیارییەکان. هاوکات 95 قسەکەر و شارەزای نێودەوڵەتی بەشداری دەکەن. بەشێکی کۆنفرانسەکەیش تایبەت کراوە بە میدیا جیهانییەکان بە گشتی و میدیای وڵاتانی ئیسلامی بە تایبەت، بۆ بایەخدانیان بە ڕێوڕەسمەکانی حەج.

گوتەبێژی یەکێتیی زانایانی ئایینیی ئیسلامیی کوردستان ڕاشیگەیاند: "هاوکات لەگەڵ کارەکانی وڵاتی سعوودییە بۆ بەڕێوەچوونی حەج لە ساڵی داهاتوودا، لە هەرێمی کوردستان خۆشبەختانە بە پشتیوانیی سەرۆکی حکوومەت، مەسرور بارزانی، توانراوە ناونووسین و ڕێکارەکانی حەج بە ئەلیکترۆنی بکرێت و سیستەمێکی پێشکەوتووی بۆ دابنرێت."

ئاماژەی بەوەش کرد "ئێمە وەک یەکێتیی زانایان پەیوەندییەکی باش و دێرینمان لەگەڵ زانایانی سعوودییە و وڵاتی میسردا هەیە. گرنگیدانی میدیاکان بە کۆنفرانسەکەی سعوودییە و خستنەڕووی تێڕوانینی هەرێمی کوردستان لە ڕێگەی میدیاوە بۆ وڵاتانی دیکەی موسڵمان، گرنگە و دەبێتە هۆکاری کردنەوەی دەرگای نوێی پەیوەندییەکان."

 
 
 
Fly Erbil Advertisment