بانکی خوێنی هەولێر زیاتر لە یەک ملیۆن یەکەی خوێنی تەندروستی بۆ نەخۆشان دابین کردووە

بەڕێوەبەرایەتی بانکی خوێن لە هەولێر ڕایگەیاند، توانیویانە لە هەولێر زیاتر لە یەک ملیۆن یەکەی خوێنی تەندروست بگەیەننە نەخۆش و ئەوانەی پێوستییانە.

 ئەمڕۆ یەکشەممە، 9ـی تشرینی دووەمی 2025، بەڕێوەبەرایەتی بانکی خوێنی هەولێر لە ڕاگەیەندراوێکیدا ئاشکرای کرد، توانیومانە زیاتر لە یەک ملیۆن یەکەی خوێنی تەندروست و پشکنراو بگەیەنینە نەخۆش و ئەوانەی بە هەر هۆکارێک پێویستیان بە خوێنە.

ئاماژەی بەوەشدا، ئامێرەکانمان لە بانکی خوێن سەرجەمیان بڕوانامەی FDA یان بۆ پشکنینی خوێن بەخش هەیە و بە پێی ستانداردە نیۆ دەوڵەتیەکان کاردەکەن، ئەو ئامێرانە بۆ هەر یەک ملیۆن خوێن بەخش، کەسێکیان دەست نیشان کردووە کە لە ڕێگای خوێنەوە تووشی هەوکردنی ڤایرۆسی بووە، بەڵام خۆشبەختانە ئێمە یەک کەسیشمان نەبووە.

بەڕێوەبەرایەتییەکە ڕوونیشی کردەوە، بەشی پشکنینی نەخۆشیە گوازراوەکان (ڤایرۆسیەکان) لە بانکی خوێن پڕچەک کراوە بە ئامێری پشکنینی مۆدێرن هاوشێوەی ووڵاتانی پێشکەوتوو، هەروەها کارمەندی پڕۆفیشناڵمان هەیە، ئەمەش وای کردووە ئەم بەشە بتوانێت بڕوانامەی ISO 15189 بەدەست بهێنێت، هەروەها بەدیجیتاڵ بوونی بانکی خوێن و بوونی سیستەمێکی داتای زانیاری پێشکەوتوو کە کۆنتڕۆڵی پرۆسەی گواستنەوەی خوێن دەکات لە خوێن بەخش بۆ نەخۆش، بە پێی ئەم زانیاریانە، یەک ملیۆن یەکەی خوێنی تەندروستمان گواستووەتەوە بۆ ئەوانەی پێویستییان بووە.

بەڕێوەبەرایەتی بانکی خوێن دڵنیایی تەواو دەدات بەوەی کە ئەو یەکە خوێنەی لە بانکی خوێن پشکنینی بۆ دەکرێت، خوێنێکی تەندروستە، هەروەها بانکی خوێن بەردەوام خوێنی فلتەر کراو و پشکنراو بۆ نەخۆشانی تالاسیمیا و تووشبووانی شێرپەنجە دابین دەکات. 

 

 
 
Fly Erbil Advertisment