زۆرترین پێشێلکاریی دەنگدانی تایبەت لە بازنەی سلێمانی بووە
گوتەبێژی هاوپەیمانیی تۆڕەکانی چاودێری هەڵبژاردن ڕایدەگەیەنێت: لە کوردستان425 سەرپێچی لە پرۆسەی دەنگدانی تایبەت تۆمارکراون، زۆرینەی پێشێلکاریی و سەرپێچییەکانیش لە بازنەی سلێمانیی بوون.
ڕاپۆرتی هاوپەیمانیی تۆڕی چاودێری هەڵبژاردن ڕاگەیەندرا، لە ڕاپۆرتەکەی خۆیان ئاماژەیان بەوە کردووە، تا کاتژمێر 2ـی دوای نیوەڕۆ، سێ هەزار و 747 سەرپێچی لە عێراق و هەرێمی کوردستان تۆمارکراون، زۆرینەی سەرپێچییەکان لەئاستی ناوچەکانی عێراق بوو.
هاوپەیمانیی تۆڕەکانی چاودێری هەڵبژاردن ئاماژە بەوە دەکات، لە کوردستان425 سەرپێچی تۆمارکراون، بەڵام هیچ یەک لەو سەرپێچییانە نەگەیشتووەتە هێلی سوور، زۆرینەی سەرپێچییەکانیش لە بازنەی سلێمانیی بوون.
هۆشیار مالۆ، گوتەبێژی هاوپەیمانیی تۆڕەکانی چاودێری هەڵبژاردن بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند: زیاتر لە شەش هەزار و 300 چاودێرمان هەبووە بۆ ڕۆژی دەنگدانی تایبەت لە تەواوی پارێزگاکانی عێراق بە هەرێمی کوردستانیشەوە.
ئاشکرای کرد، تا کاتژمێر 2ـی دوای نیوەڕۆ، کە دواتریش ژمارەکە بەرز دەبێتەوە، ژمارەی پێشێلکارییەکان سێ هەزار و 747 بوون، جۆری پێشێلکارییەکان زۆربەیان، شکاندنی نهێنی دەنگدان بووە بە بردنە ژوورەوەی مۆبایل بۆ کابینەی دەنگدان، لەگەڵ دەرکردنی چاودێر و نوێنەی لایەنە سیاسییەکان کە 29 حاڵەت بووە، 173 حاڵەتی بانگەشەش هەبووە کە ئەمە سەرپێچییە لە ڕێنماییەکان، 18 حاڵەتی ڕێگریی کردنیش لە دەنگدەر تۆمارکراون.
ئەمڕۆ یەکشەممە، 9ـی تشرینی دووەمی 2025، کاتژمێر 7:00 بەرەبەیان دەنگدانی تایبەت بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق دەستیپێکرد و هێزە جیاوازەکان لە عێراق و هەرێمی کوردستان ڕوویان لە بنکەکانی دەنگدان کرد بۆ بەشداریکردن لە پرۆسەکە.
لە دەنگدانی تایبەت زیاتر لە یەک ملیۆن و 313 هەزار کەس ئەندامانی هێزی ئەمنیی و فەرمانبەرانی وەزارەتی ناوخۆ لە عێراق و هەرێمی کوردستان مافی بەشداریکردنیان هەبوو، ئەوە جگە لە بەشداریکردنی زیاتر لە 26 هەزار ئاوارە، کە زۆرینەیان لە سنووری پارێزگای دهۆک بوون.
لە سەرانسەری عێراق 809 بنکە دیاریکراو بوو بۆ دەنگدانی تایبەت، دوو سبەیش 11ـی تشرینی دووەمی 2025 دەنگدانی گشتی بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق بەڕێوەدەچێت.
